فەرمانبەرانی گرێبەست راگەیەندراوێکی بەپەلەیان بڵاوکردەوە

فەرمانبەرانی گرێبەست ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئێمە ستەملێکراوترین چین و توێژی ئەم وڵاتەین وە بە فەرمی فەرمانبەری حکومەتین زۆربەمان". 

دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگیری سەرۆک و لایە پەیوەندیدارەکان کراوە ئاماژەی بەوەکردووە" ئێمە پێشتریش ڕامانگەیاندووە کە ستەملێکراوترین چین و توێژی ئەم وڵاتەین وە بە فەرمی فەرمانبەری حکومەتین زۆربەمان ماوەی 10 بۆ 15 ساڵە خزمەت دەکەین هاوشێوەی فەرمانبەرێکی هەمیشەیی و دەرچوی ساڵانی سەرەتای 2000ین ئەوە جگە لەوەی ئێمە هیچ بارگرانیەک بۆ حکومەت دروست ناکەین لە کاتی بە هەمیشەیی بونمان بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی هاوکات مانگانە بودجەی تایبەت بە موچەی خۆمان هەیە وەک فەرمانبەرێکی هەمیشەیی". 

ئەوەش هاتووە" داوادەکەین ئەم پرسە کە ساڵانێکە دەستی دەستی پێدەکرێت بە زووی یەکلا بکرێتەوە، هاوکات بە زوترین کات دیدار بۆ نوێنەرانمان ئەنجام بدرێت و دواین هەنگاو و ئەنجامەکانی ئەم پرسەمان ڕابگەیەنرێت". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

ڕاگەیەنراوێکی بەپەلە لە فەرمانبەرانی گرێبەستەوە

بۆ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان

بەڕێزان لە ماوەی ڕابردوودا پاش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست و هاوکات هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای تیادا تاوتوێ کرا کۆی هەردوو مەلەفەکە ئاڕاستەی ئەنجومەنی ڕاژە کرا بۆ وەرگرتنی ڕای ئەو ئەنجومەنە وەک لایەنی مەعنی بەو پرسە، هەروەک داواکرابوو لە ئەنجومەنی ڕاژە لە ماوەی سێ هەفتەدا مەلەفەکەی بە ڕا و سەرنجی خۆیانەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردۆتەوە.

لە ئێستادا ماوەی دوو هەفتەیە کۆی دۆسیەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام بە چارەنوس نادیاری ماوەتەوە و هیچ زانیاریەک لەو بارەیەوە بە دەستەی نوێنەرایەیمان نەدراوە.

ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئێمە پێشتریش ڕامانگەیاندووە کە ستەملێکراوترین چین و توێژی ئەم وڵاتەین وە بە فەرمی فەرمانبەری حکومەتین زۆربەمان ماوەی 10 بۆ 15 ساڵە خزمەت دەکەین هاوشێوەی فەرمانبەرێکی هەمیشەیی و دەرچوی ساڵانی سەرەتای 2000ین ئەوە جگە لەوەی ئێمە هیچ بارگرانیەک بۆ حکومەت دروست ناکەین لە کاتی بە هەمیشەیی بونمان بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی هاوکات مانگانە بودجەی تایبەت بە موچەی خۆمان هەیە وەک فەرمانبەرێکی هەمیشەیی.

هەربۆیە لێرەوە داوامان بەتایبەت ئاڕاستەی بەڕێزتە وەک بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن داوادەکەین ئەم پرسە کە ساڵانێکە دەستی دەستی پێدەکرێت بە زوویی لای بەڕێزتەوە یەکلا بکرێتەوە، هاوکات بە زوترین کات لەلایەن نوسینگەی بەڕێزتانەو دیدار بۆ نوێنەرانمان ئەنجام بدرێت و دواین هەنگاو و ئەنجامەکانی ئەم پرسەمان پڕ ڕابگەیەنرێت.

دواین داوامان ئاڕاستەی بەڕێزتانە و بە پێچەوانەوە ناچار دەبین گردبوونەوە و خۆپیشاندان و تەنانەت مانگرتنیش لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران درێژە پێبدەین.

لەگەڵ ڕێزدا

دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست


PM:12:09:18/10/2022