بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەکەیەوە لە سەرەتای کردنەوەتی بازاڕەکانی ئاسیادا بەرزبووەوە، بە جۆرێک بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە لەسەروو (٩٢) دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە بڕی زیاتر لە یەک دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە ٩٣ دۆلار و ٦٠ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٩٢ دۆلار و ٣٨ سەنت لە بازاڕەکانی جیهاندا مامەڵەی پێوەدەکرا.
هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکاش ٨٤ دۆلاری تۆمار کرد و بە بڕی زیاتر (٧٠) سەنت بەرزبووە، لە کاتێکدا لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٨٤ دۆلار و ٥١ سەنت بوو.
له مانگی تشرینی یهكهمدا رێكخراوی وڵاتانی ههناردهكاری نهوت (ئۆپێك) و بهرههمهێنهرانی دیكه لهوانە روسیا رێككهوتن لهسهر كهمكردنهوهی بهرههمهێنانی نهوت به بڕی دوو ملیۆن بهرمیل لە ڕۆژێکدا.
کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت لە لایەن ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی، پێش قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە دێت، کە دەبێتە هۆی فشاری پێداویستییەکان لە بازاڕەکاندا کە لە ئێستاوە توند بووە، هەروەها سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی ڕووسیا لە مانگی کانوونی دووەم و شوبات دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
چین كە گەورەترین هاوردەكاری نەوتی خاوە لە جیهاندا، ئەمساڵ پابەندی یاسا توندەكانی دژە كۆڤید-١٩ بووە، ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر بازرگانان و چالاكییە ئابوورییەكان كردووە و خواست لەسەر سووتەمەنی كەمبووەتەوە.