یەکەم لێدوانی حکومەت لەسەر بەشدارینەکردنی قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی


 لە بارەی بەشداری نەکردنی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی و حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی لە کۆبوونەوەی دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەر نیگەرانییەك هەبێت، پێویستە لە ناو ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بكرێت".

جوتیار عادل ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە هەر نیگەرانییەك هەبێت، پێویستە لە ناو ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بكرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.  
  
جوتیار عادل دەشڵێت " ئەوان پێیان باش نییە نیگەرانییەكان لە راگەیاندن باس بكرێت. چونكە ئەركی حكوومەت ئەوەیە كە ژینگەیەكی ئارام بۆ بازاڕ و هاووڵاتیان فەراهەم بكات. "ئێمەش هەق بە خۆمان نادەین بچینە تەفاسیل، چونكە هەموو شتێك لە ئەنجومەن باس دەكرێت".  
  
بەشدارینەکردنی قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە تیمە وەزارییەکەی پەیوەندی بە کێشەی ئەمنی نێوان یەکێتی و پارتی دەزگا ئەمنییەکان و دادگاوە هەیە لە کەیسی کوژرانی هاوکار جاف عەقیدەکەی دژەتیرۆی یەکێتی و کوشتنی موراد کانی کوردەیی لە رانییە کە لە هەردوو رووداودا پەنجەی تۆمەت بۆ سەرکردەو بەرپرسەکانی یەکێتی درێژ دەکرێت.



PM:04:30:27/10/2022