ئۆپێک پێشبینی دەکات تا ساڵی (٢٠٣٥) خواستی جیهان لەسەر نەوت زیاد بکات

ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە ڕاپۆرتێکیدا پێشبینی دەکات گەشەی خواستی جیهان بۆ نەوتی خاو تا ساڵی (٢٠٣٥) زیاد بکات، ئەمەش بەهۆی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بە تایبەتی ئەفریقا و هیندستان و وڵاتانی تری ئاسیا، بۆ ئەوەی خۆراکی گواستنەوە و پترۆکیمیای دابین بکەن.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە" خواستی جیهانی لە ساڵی (٢٠٢١)دا نزیکەی (٩٦.٦) ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، تا ساڵی (٢٠٣٥) بەرزدەبێتەوە بۆ (١٠٩.٥) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کاتێک لە ماوەی دەیەی داهاتوودا سەقامگیر دەبێت لە (١٠٩.٨) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا". 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە" داواکاری وڵاتانی ڕێکخراوی (OECD) لە ساڵی (٢٠٢٤)ەوە کەمبووەتەوە و بۆ (٣٤) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەو ماوەیەدا تا ساڵی (٢٠٤٥) (بەراورد بە ٤٤.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی ٢٠٢١)، واتە (١١) ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە بۆ هەر رۆژێک". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە لەم ماوەیەدا خواستی درێژخایەن لە وڵاتانی دەرەوەی ڕێکخراوی (OECD) بە ڕێژەی (٢٤) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکات، ئەمەش بەهۆی فراوانبوونی چینی ناوەڕاست و گەشەی بەهێزی دیمۆگرافی و ئەگەری گەشەی ئابوورییەوەیە. 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە" پێشبینی دەکرێت خواست لەسەر نەوتی جیهانی بە ڕێژەی (١٢.٩) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە و لە ساڵی (٢٠٤٥)دا بگاتە (١٠٩.٨) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا". 


PM:10:22:31/10/2022