پیرانشار.. بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران مێردمنداڵێک گیانی لەدەستدا

مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی پیرانشار، کە لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار کرابوو، دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆمار دەرئۆفتادە لە نەخۆشخانەی خومەینی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تەرمی ئەو مێرمنداڵە هەر ئەو شەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەکی ئاگادار، کۆمار شەوی شەممە لە نزیک گۆڕەپانی (محەممەد هەوراز) تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە.

یەکێک لە شایەتحاڵان لەم بارەوە تایبەت بە هەنگاوی ڕاگەیاند" لەو شوێنەی کە کۆماری بریندار کرا هیچ خۆپیشاندانێک نەبوو، دوو ئۆتۆمبێلی سەوز و سپی کە بێ ژمارە بوون، لە دووری سێ مەترییەوە بە چەکی تاپڕ بەرەوڕووی کۆمار تەقەیان کردووە و بە سەختی برینداریان کردووە". 

ئەم سەرچاوە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا" دوو مێرمنداڵی دیکە لەو کاتەدا لەگەڵ کۆمار بوون، یەکێکیان هەر ئەو کاتە ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە، بڕیار وایە تەرمی کۆمار دەرئۆفتادە ئەمڕۆ لە گوندی زێوکە زێدی باوکی بە خاک بسپێردرێت". 


PM:12:20:01/11/2022