وەزیری دارایی بەدواداچون بۆ كێشەی تەندروستی و بازرگانان دەكات


ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لە سلێمانی بەدواداچون بۆ گرفت و لەمپەرەكانی بەردەم كەرتی تەندروستی و ھاوڵاتیان و بازرگان و كاسبكارانی ناوبازار دەكات. 

ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی ھەرێم  لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی بانكی ھەرێم/ سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و سەرۆكی ژوری بازرگانی ئەو پارێزگایە كۆبوەوە. 

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەت، كۆبوونەوەكە لەگەڵ بەرپرسی یەكەی تەندروستی تایبەت بوو بەو گرفت و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ئەو سێكتەرە بوەتەوە و ئامادەیی خۆشی  دەربڕی بۆ ھاوكاری و ھەماھەنگی پێویست لەپێناو چارەسەركردنی گرفتەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەكانی سنوری پارێزگاكە بە ئاڕاستەی خزمەتكردنی ھاوڵاتیان بەگشتی. 

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەشێكی تری كۆبونەوەكە وەزیری دارایی جەختیكردەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەكان ھەماھەنگ و ھۆكار دەبن بۆ ڕەخساندنی پانتایی زیاتری بازرگانی و  نەھێشتنی ڕۆتین بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی ئەو كێشە و لەمپەرانەی بونەتە ئاستەنگ و بار بەسەرشانی ھاوڵاتیان بەگشتی و بازرگانان و خاوەن پیشەكانی ناو بازاڕەكان.



PM:06:42:02/11/2022