بایدن: ئێران ئازاد دەکەین

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت" ئەو خۆپیشاندانە کە دژی حکومەتی ئێران ڕاپەڕیووە، بەم زووانە سەرکەوتوو دەبن لە ڕزگارکردنی خۆیان". 

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنێکی بەرفراوان لە کالیفۆرنیا، لە کاتێکدا کە دەیان کەس لە دەرەوە کۆبوونەتەوە و لافیتەی پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێرانیان هەڵگرتبوو ڕایگەیاند" نیگەران مەبن، ئێمە ئێران ئازاد دەکەین، ئەوان بەم زووانە خۆیان ڕزگار دەکەن". 

بایدن وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو، هەروەها ئاماژەی بەوەنەکردووە کە چ ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر، هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکەی نەدایەوە. 

دوای کوژرانی مەهسا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ، ماوەی حەوت هەفتەیە ناڕەزایەتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵداوە. 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئەمریکا ڕایگەیاند" بەهۆی ڕەتکردنەوەی مافەکانی ژنان لەلایەن حکومەتەوە و سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن حکومەتەوە، هەوڵدەدات ئێران لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان دووربخاتەوە کە پێکهاتووە لە (٤٥) ئەندام". 


AM:09:03:04/11/2022