ڕەئیسی بۆ بایدن: ئێران نابێتە دیلت

ئەمڕۆ هەینی سەرۆک کۆماری ئێران بە توندی وەڵامی لێدوانەکەی جۆ بایدن هاوتا ئەمریکییەکەی دایەوە و وتی" ئێران (٤٣) ساڵ لەمەوبەر ئازاد کراوە و نابێتە دیلت". 

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ بە بۆنەی ڕۆژی خوێندکاران و ڕۆژی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆبەزلزانینی جیهانی لە بەردەم کۆشکی پێشووی هەواڵگری ئەمریکا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خۆبەزلزانین و خۆپەرستی جیهانییە، کە ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە لە شەڕ و خوێنڕشتندا". 

وتیشی" ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێمای خۆبەزلزانین و لوت بەرزییە و بە پێی قسەکانی ئیمام خومەینی نەمر، شەیتانی گەورەیە، و خەریکی لە ناوبردنی زۆرێک لە گەلان لە سەرانسەری جیهان بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانیان". 

ڕەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كه‌ی ئەمڕۆی سەرۆک کۆماری ئه‌مریكا ئاماژەی بەوەکرد، ئێران (٤٣) ساڵ لەمەوبەر ئازاد کراوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بە ئازادی بمێنێتەوە و نابێتە دیلی ئەوان. 

دەشڵێت" بینیمان چی ڕویدا لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان کاتێک بە ناوی ئازادیەوە چویتە ناو ئه‌و وڵاتانه‌وه‌، خه‌یاڵتان خاوه‌ بهێڵین ئێرانیش وه‌ك سوریای لێ بێت".

پەیامەکەی ڕەئیسی لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی جۆ بایدن لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنێکی بەرفراوان لە کالیفۆرنیا، لە کاتێکدا کە دەیان کەس لە دەرەوە کۆبوونەتەوە و لافیتەی پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێرانیان هەڵگرتبوو ڕایگەیاند" نیگەران مەبن، ئێمە ئێران ئازاد دەکەین، ئەوان بەم زووانە خۆیان ئازاد دەکەن". 


PM:12:45:04/11/2022