یەكێتی قسەی كۆتایی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد


بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، یەكێتی هەرگیز ناچێتە هەڵبژاردنێكەوە كە پارتی لە بەرژەوەندی خۆی رێگە نەدات تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە.

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە "ئێمە و هێزە سیاسییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە بەرچاوڕونی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان یەكێتیی و پارتی كراوە، هەروەها لە نێوان پارتی و گۆڕان كراوە لە ساڵی 2019 بۆ پێكهێنانی كابینەی 9ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە رونی داواكراوەكە بە سازان لە نێوان هێزە سیاسییەكان یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، چونكە هەمومان لامانوابوە ئەم یاسایە پڕە لەكەموكوڕی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "تائێستا بۆ هەڵبژاردن كار بەیاسایەك دەكرێت كە هی 30 ساڵ پێش ئێستایە، بۆیە هەمو لایەكمان درك بەوە دەكەین یاساكە كەموكوڕی تێدایە و پێویست دەكات ئێمە یاسایەكی نوێمان هەبێت".

زیاد جەبار وتویەتی "ئەگەر لە عێراق بڕوانین بۆ هەر هەڵبژاردنێك یاسایەكی نوێی بۆ دەركراوە، ئەم یاسایەش هەر بۆ بەرچاوڕونی كۆمەڵێك كەموكورتی دیاری تێدایە كە پێویستە چارەسەر بكرێن، بەڵام لەهەرێمی كوردستان پارتی رێگرە بۆ یەكجاریش بێت پێش هەڵبژاردن یاساكە هەوار بكرێتەوەو تەنها یەكجار با چاو لەعیراق بكەین".
 



PM:01:54:05/11/2022