سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، د. یوسف محەمەد رایگەیاند" ئەمڕۆ لە دژی درێژکردنەوەی ناشەرعیی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی دیکەی ھەرێم، لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سکاڵایان تۆمار کردووە".
یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" پاش ئەوەی دوێنێ ٦/ ١١ لە سایتی وەقایعی کوردستان، یاسای بەردەوام بوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ ٧/ ١١/ ٢٠٢٢ لە دادگای باڵای فیدراڵی داوایەکمان تۆمار کرد."
ئەوەش دەخاتەڕوو کە داواکەیان بە ژمارە (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) بۆ تانەدان لە دەستوری بوونی دەرکردنی ئەو یاسایە و ناشەرعی و نادەستوری بوونی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی دەسەڵاتەکانی ھەرێم بێ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەردە لە وادەی خۆیدا.
سەرۆکی پێشووی پەرلەمان باس لەوەش دەکات کە هەڵبژاردن وەک گرێبەستی نێوان دەنگدەر و هەڵبژێردراو، مەرجدارە بەو کاتەی بۆی دیاریکراوە و بەو بەڵێنانەی هەڵبژێردراو داویەتی بە دەنگدەر کە لەو ماوەیەدا کار بکات بۆ بەدیهێنانیان.
دەشڵێت، "لە دوای تەواو بوونی ماوەی یاسایی ئەنجومەن و پۆستە هەڵبژێردراوەکان، شەرعییەت لە دەست دەدەن و درێژکردنەوەیان ناشەرعییە و دژی بنەما جێگیرەکانی دیموکراسییە."
ئاشکراشیکردووە، چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەی کەمی داھاتودا دادبینی لە داواکەیان دەست پێبکات.