لاهور شێخ جەنگی روونكردنەوە لەسەر پیرۆزباییەكەی بۆ مەسرور بارزانی دەدات


لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "سیاسەت لەسەر بنەمای رقی شەخسی ناكرێت، بەتایبەت لەكاتێكی وەك ئێستادا كە بەشێك لە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی زەنگی دوو ئیدارەیی لێدەدەن".

دوێنێ نووسینگەی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی رایانگەیاند، چەند سەركردەیەك پەیامی پیرۆزباییان ئاڕأستەی مەسرور بارزانی كردووە سەبارەت بە هەڵبژاردنی وەك جێگری سەرۆكی پارتی لەنێویاندا لاهور شێخ جەنگی، ئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.

لەو بارەیەوە نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە "لاهور شێخ جەنگی لەسەر بنەمایی پاراستنی ئاشتی و یەكریزی سیاسی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، بۆچونی لاهور شێخ جەنگی وایە كە سیاسەت لەسەر بنەمای رقی شەخسی ناكرێت، بەتایبەت لەكاتێكی وەك ئێستادا كە بەشێك لە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی زەنگی دوو ئیدارەیی لێدەدەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردوە، "خراپی دۆخی كوردستان و گوزەرانی هاوڵاتیان بە گرژی نێوان پارتی و یەكێتی زیاتر دەبێت، لەو سۆنگەیەوە و بەبۆنەی كۆتاییهاتنی كۆنگرەی 14ی پارتی لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی ئاشتی ئاڕاستەی حزبەكە كرد".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "لاهور شێخ جەنگی لە رابردودا جەختی لەسەر ئەوەكردوەتەوە كە كێشەی نێوان لایەنە سیاسیەكان لەسەر بنەمایی ئاشتی و دور لە رقی شەخسی چارەسەر ببن، ئەوەش دەقی پیرۆزبایی لاهور شێخ جەنگیە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان".



PM:03:11:08/11/2022