نرخی کارتی مۆبایل هەرزان دەبێت


پەرلەمانی عێراق گەیشتوونەتە ئەنجامێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل و، پەرلەمانتارێک دەڵێت" بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".  
  
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئیبراھیم میرانی جێگری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق بە پێگەی فەرمی پارتی راگەیاندووە "لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن و دەستەی باڵای گەیاندنی عێراق و وەزارەت کۆبوونەوەمان کردووە و بڕیار دراوە بە ھەموو لایەک ھاوکار بن بۆ ئەوەی نرخی کارتی مۆبایل کەم بکرێتەوە، ئەویش بە شێوەیەک ھەریەک لەو سێ دەزگایەی سەرەوە بەشێکی لا دەبەن بۆ کەمکردنەوەی نرخەکە.''  
  
جێگری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت " کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل ھەموو عێراق دەگرێتەوە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە کۆمپانیاکانی گەیاندن مەرکەزین و سەر بە دەستەی باڵای گەیاندنی عێراقن و مۆڵەت لەوێ وەردەگرن و باج بە عێراق دەدەن، لەبەر ئەوەیش چەند ھاوکارییان بکرێت لە بەغداوە کاریگەریی لەسەر ھەموو عێراق دەبێت.''  
  
ئاشکراش دەکرێت، ئەم دۆسیەیە لە نزیکترین دانیشتنی کابینەی حکومەتدا پێشکەش دەکرێت و دەخرێتە ناو بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ پێش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدات، جەختیشی لە گرنگی پشتیوانی دەسەڵاتی یاسادانان بۆ ئەو پرسە کردەوە.



PM:09:35:08/11/2022