بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ حیزبەکان کۆدەبێتەوە بەبێ پارتی


بڕیارە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکان کۆبێتەوە، بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند " بڕیارە پێنج شەممە ١٠ ی تشرینی دووەم کاتژمێر ١١ لە هاوینەهەواری دوکان بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتوو و بەڵێن عەبدوڵا سکرتێری زەحمەتکێشان و کاوە مەحمود سکرتێری حیزبی شیوعی و عومەری سەید عەلی رێکخەری گۆڕان و  محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری سۆسیالیست، کۆببێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " بانگهێشتی پارتی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە نەکراوە، هەرچی نەوەی نوێشە وەک ماوەکانی رابردوو لە کۆبوونەوەی لەو شێوەیەدا بەشداری ناکەن.

ئەم کۆبوونەوەیە بۆ درێژەدانە بەو کۆبوونەوانەی دوو هەفتە لەمەوبەر کە وەفدێکی باڵای یەکێتی بە جیا سەردانی ئەم حیزبانەی کرد. ئامانجی کۆبوونەوەی رۆژی پێج شەممەش بۆ راکێشانی سۆزی ئەو حیزبانەیە بۆ لای خۆیان لە کاتێکدا ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی گەیشتۆتە لوتکە. ئەو ناکۆکیانەش لە دۆسیەی " تیرۆرکرردنی" هاوکار جاف لە نێوان ئەو حیزبە و یەکێتیدا تەقیەوە کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان پەنجەی تۆمەت بۆ سەرکردەکانی یەکێتی رادەکێشرێت.



PM:10:47:08/11/2022