ئەنجوومەنی وەزیران شاندێک بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد پێکدەهێنێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی ماوەبەسەرچوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاریدا شاندێکی دانوستانکار بۆ حکومەتی عێراق پێکبهێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگ و دانوستانەکان. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەر پەرشتی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچوو کۆبووەوە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە نەخشەڕێگای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەیوەندی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و هەروەک لە بەرنامەی کاری (المنهاج الوزاري)ی کابینەی نوێ دا هاتووە و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کرا، بەتایبەت دۆسیەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز).

ئەوەش هاتووە" دوای تاووتوێکردنی ئەم بڕگەیە، بڕیاردرا شاندی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ پێکبێت، لە وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها راسپێردران لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەخت لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێکەوتنە سیاسییەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردرا کرایەوە". 

لە بڕگەی دووەمدا، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو. 


PM:04:38:09/11/2022