لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژەوە زانیاری نوێ راگەیاندرا



نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، دامەزراندنی وانەبێژان دەکەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٠ ی تشرینی دووەم، کاروخ عەبدوڵا لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژەوە دەڵێت" سەرۆکی حکومەتی هەرێم مسرور بارزانی ئەنجوومەنی ڕاژەی ڕاسپاردووە بۆ دیراسەکردن و دامەزراندنی کەیسی سێ توێژ { وانەبێژان ، فەرمانبەرانی گرێبەست ، خاوەن بڕوانامەی باڵا". 
  
دەقی رونکردنەوەکە:  
  
بەڕێزان دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر ونیوو دانیشتن لەگەڵ ئەنجوومەنی ڕاژە بۆ قسەکردن لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ کە ئەمە دووەم جارە لەگەڵ بەڕێز سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژە دادەنیشین ، گەیشتین بەم خاڵانە :  
  
یەکەم / سەرۆکی حکومەتی هەرێم مسرور بارزانی ئەنجوومەنی ڕاژەی ڕاسپاردووە بۆ دیراسەکردن و دامەزراندنی کەیسی سێ توێژ { وانەبێژان ، فەرمانبەرانی گرێبەست ، خاوەن بڕوانامەی باڵا } .  
  
دووەم / دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم لەپەڕلەمانی کوردستان کە بۆ ئەم مەبەستە وەزیری دارایی ئاوات شێخ نوری ڕاسپاردراوە بۆ ئامادەکردنی کۆنووسی پێویست بۆ یاسای بودجە ڕەوانەکردنی بۆ پەڕلەمان ، یاخود ئەگەر پەڕلەمان نەیتوانی خوێندنەوە بکات بەهۆی ناکۆکی لەسەر بوجە ئەوکات ئەنجوومەنی ڕاژە خۆی بەهەمامەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی دارایی پێویست بڕیار لەسەر وانەبێژان دەدات .  
  
سێیەم / تا پەسەند کردنی بودجە و دیراسەکردنی کەیسی وانەبێژان ڕەنگە بگاتە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ کەدەکاتە نزیکەی دوو مانگی تر دواتر دووبارە ئەم پڕۆژەیە دەچێتەوە ئەنجوومەنی وەزیران ئەم ماوەیە بەکۆی دەنگی نوێنەران بڕیاری خۆمان دەدەین .  
  
چوارەم / بۆ دامەزراندن تا ئێستا قسە لەسەر پێوەر و بەش و پسپۆڕی و خزمەت و ڕێژەی دامەزراندن نەکراوە ئەوەی دەوترێت پێنج بۆ شەش هەزار دەبنە گرێبەست داواکاری وەزارەتی پەروەردە بووە هەرکات گەیشتینە بڕیاری کۆتای ئەوکات دەستەیەک لەنوێنەران لەگەڵ دکتۆر ئالان وەزیری پەروەردە ، ئەنجوومەنی ڕاژە قسە لەسەر پێوەر و ڕێژە و خاڵبەندی و ساڵی خزمەت دەکەین ، ئێمە داواکاری دامەزراندنی سەرجەم وانەبێژان دەکەین .  
  
پێنجەم / چەند ڕۆژێکی تر لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی ڕاژە لەسەر خەت دەبین بە بەردەوامی لەئەگەری بێ باکی و خەمساردی حکومەت بەرامبەر وانەبێژان بڕیاری بایکۆت و خۆپیشاندان دەدەین لەنزیکترین کاتدا .  
  
شەشەم / من وەکو نوێنەر بەر لەهەر وانەبێژێک و نوێنەرێک بە پەرۆشم لەسەر زووتر یەکلای کردنەوەی چارەنووسی وانەبێژان ، یاری بەکات نەکرێت و کۆبوونەوە لەپێناو کۆبوونەوە نەکرێت ، چونکە وانەبێژان چیتر ناتوانن چاوەڕێ بن ، چونکە ماندوو هیلاک و بێ ئومێدبوون !  
  
کارۆخ عبداللە گوڵاوی  
نوێنەری گشتی وانەبێژان  
١٠ ی ١١ ی ٢٠٢٢ زاینی  



AM:10:38:10/11/2022