وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان (به‌وه‌كاله‌ت) رایده‌گه‌یەنێت" نزیكه‌ی ٨٠%ی دانیشتوانی ناوچه شاخاوییه‌كان نه‌وتی سپییان وه‌رگرتووه و پرۆسه‌كه له قۆناغه‌كانی كۆتاییدایه".
كه‌مال محەمه‌د ساڵح وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان (به‌وه‌كاله‌ت) لە لێدوانێکدا به میدیاکانى پارتى راگه‌یاند" زیاتر له ٨٠% دانیشتوانی ناوچه شاخه‌وانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی سپییان وه‌رگرتووه، له سنووری دهۆك و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ زیاتر له ٣٦ هه‌زار خێزان نه‌وتی سپییان وه‌رگرتووه، له سنووری هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆرانیش زیاتر له ٣٠ هه‌زار خێزان نه‌وتی سپییان وه‌رگرتووه".
وتیشی" پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له ناوچه شاخاوییه‌كان له قۆناغه‌كانی كۆتاییدایه و دوای ته‌واوبوونی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌ستده‌كه‌ین به دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له سه‌نته‌ری شاره‌كان".
سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له سنووری پارێزگای سلێمانی، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان (به‌وه‌كاله‌ت) دووپاتیكرده‌وه، له‌گه‌ڵ ناردنی به‌شه نه‌وتی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك، به‌شه نه‌وتی سنووری پارێزگای سلێمانیشیان ناردووه كه نۆ ملیۆن لیتر بووه، به‌ڵام ئیداره‌كانی ئه‌و سنووره هاوكارنه‌بوون له‌گه‌ڵیان بۆ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به سه‌ر دانیشتوانی ناوچه شاخاوییه‌كاندا.