یەكێتی بۆ پارتی: لەبەر بارودۆخەكە نەبوایە بە هەمان زمانی ئۆمێد خۆشناو قسەمان دەكرد


 لەوەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی كە هێرشی توندی كردبووە سەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان  دەڵێت "ئەگەر بارودۆخەکە بەمشێوەی ئێستا نەبوایە، ئێمەش بەھەمان ئەو زمانەی کاک (ئومێد خۆشناو) قسەی پێکردووە، قسەی خۆمان دەکرد".
 
بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان وەڵامی ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دادەتەوە لە بەشێكیدا دەنوسێت: ئێستا کاتی ئەوەنییە لەگەڵ یەکتردا بکەوینە جۆرێک لەناکۆکی و وەڵام و وەڵامکاری لەنێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا دروستبێت، چونکە ئێستا لەھەموو کاتێک زیاتر ھەموومان پێویستمان بەیەکڕیزی و یەکدەنگی ھەیە.

دەقی وەڵامەکەی بێگەرد تاڵەبانی بۆ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی:
 
وەڵامی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بۆ ئومێد خۆشناو
 
ئێستا کاتی ئەوەنییە لەگەڵ یەکتردا بکەوینە جۆرێک لەناکۆکی و وەڵام و وەڵامکاری لەنێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا دروستبێت، چونکە ئێستا لەھەموو کاتێک زیاتر ھەموومان پێویستمان بەیەکڕیزی و یەکدەنگی ھەیە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و فراکسیۆنی یەکێتی باوەڕی تەواوەتی باوەڕی بەئازادی و پانتایی ئازادی ھەیە بۆ ئەندامەکانی چ لەفراکسیۆن و چ لەناو حزبدا.
ئەمەش وادەکات ئێمە لەڕوانگەیەکی فراوانترەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکاندا بکەین، ئامانجی یەکێتیش پچڕاندنی شیرازەی یەکڕیزی نیشتمانی نییە، چونکە ئەوە ئێمەین پەیام ھەڵگری یەکڕیزی نیشتمانین.
باشترین گەواھیدەری ئەم ڕاستیەش، مامەڵەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەبەرەکانی جەنگ، کە لەئێستادا شانبەشانی ھێزەکانی تر کە گوزارشت لەپارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، پێکەوە بەرگری لەباشووری کوردستان دەکەین.

شێوازی مامەڵەکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەغدا لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی تردا، بەڕوون و ئاشکرا دیارە، بۆیە ھەر کوردێک لەھەرێمی کوردستان ھەڵسەنگاندن بۆ ھەڵوێستی لایەنی سیاسی لایەنەکان بکات، پێمانوایە بەویژدانەوە دان بەوەدادەنێت، یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو حزبێکی نەتەوەیی و پارێزەری دەستکەوتەکان و باوەڕبوونی بەبنەما نەتەوەییەکان و بنەماکانی پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان، نەک لەباشوور، بەڵکو لەپارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا مامەڵەیەکی واقیعیانەی کردووە.

لەئێستاشدا ئێمە نامانەوێت بچنە سەر ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو، ئەگینا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مێژووەکەی ئەوەندە پرشنگدارە، کە ئێمە دەتوانین بڵێین تائێستاش بەشێوازێک ڕەگی خۆی داکوتاوە لەناخی تاکەکانی گەلی کورددا کە جێگەی شانازییە.

ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان تەئکید دەکەینەوە، ئێمە وەکو یەکێتی لەڕابردوو لەمێژووی خۆمان ناترسین، لەھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووشدا، دڵنیاین ئەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان نییە کە زیانی پێدەگات، لەبەرئەوە ئومێد دەکەین ھەموومان بەرپرسیاربین لەم دۆخەی کە ئێستا ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە.

ئومێدەوارین تۆوی ناکۆکی لەنێوان یەکتریدا نەچێنین، بەتایبەتی ئێمەی پەرلەمانتاران لەناو پەرلەمانی کوردستان ھەوێنی تەبایی و یەکڕیزی بین، لەبەرئەوە ئێمە لەئێستادا جگە لەم وەڵامە، ھیچ شتێکی تر ناڵێین، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر بارودۆخەکە بەمشێوەی ئێستا نەبوایە، ئێمەش بەھەمان ئەو زمانەی کاک (ئومێد خۆشناو) قسەی پێکردووە، قسەی خۆمان دەکرد، بەڵام ئێمە لەپێناوی بەرژەوەندیە گشتیەکانی خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی نیشتمانی ئێمە وەڵامێکی تر نادەینەوە.

بێگەرد تاڵەبانی

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
لەپەرلەمانی کوردستان
١٩-٨-٢٠١٤



PM:03:38:19/08/2014