داواكاری گشتی لەسەر گیان لەدەستدانی سەهەند ئەحمەد هاتە دەنگ


داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی گیان لەدەستدانی سەهەند ئەحمەد، ئەو مێردمنداڵەی لە بنكەی پۆلیسی سەرچناری سلێمانی گیانی لەدەستداوە داوای ڵێكۆَڵینەوە دەكات.

سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە، لە رێكەوتی ١٣/١١/٢٠٢٢ سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان دادوەر كاوە فەتحی مەعسوم دوابەدوای هەوالی گیان لە دەستدانی ئەو مێردمندالەی كە لە بنكەی پۆلیسی سەرچنار گیانی لە دەستدا پەیوەندی كرد بە بەرێوەبەری گشتی پۆلیس بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتەو پێكهێنانی لیژنەیەك بە چاودێری دادوەری داواكاری گشتی تایبەتمەند بۆ زانینی راستیەكان و هۆكاری گیان لە دەست دانی ئەم مێرد مندالە و لە ئەنجامەكان ئاگادارمان بكاتەوە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە سەرۆكی داواكاری گشتی لە لای خۆیەوە پەیوەندی كرد بە بەرێوەبەری پزیشكی دادی سلێمانی داوای كرد وێنەیەك لە راپۆرتەكانی بۆ بنێرێت و هەروەها پەیوەندی كرد بە بەرپرسی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی و داواكاری گشتی تایبەتمەند لە بنكەی پۆلیسی سەرچنار بۆ ناردنی راپۆرت لەسەر ئەم بابەتە.  

شەوی رابردوو سەهەند ئەحمەد، مێرمنداڵێكی تەمەن 17 لە بنكەی پۆلیسی سەرچنار لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە و كەسوكاریشی دەڵێن "بەهۆی ئەشكەنجەدانی پۆلیسەوە گیانی لەدەستداوە".  



PM:07:50:13/11/2022