ژمارەیەک هاوڵاتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا

دوێنێ لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان حەوت هاوڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەستدا. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند" دوێنێ لە خۆپیشاندانی خەڵکی بۆکان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان، مستەفا شەعبانی، غەفور مەولودی، هەژار مام خەسرەوی، هیوا جان جان و ئەمجەد عینایەتی کوژراون و بریندارێکیش بە ناوی میلاد مەعروفی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوه‌". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر دوێنێ کەماڵ ئەحمەد پور، خەڵکی مەهاباد لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا لە شەقامی مەنبەعی مەهاباد بە "تەقەی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان" گیانی لەدەستداوه‌.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەشڵێت" کەوسەر و کامیل شەعبانی، خوشک و برای مستەفا شەعبانی، کە ڕۆژی ڕابردو لە شەقامی سەردار عەزیز خان موکری لە گەڕەکی مەجبور ئاوای شاری بۆکان بە گوللەی هێزە حکومەتییەکان کوژرابوو، شەوی ڕابردو لەلایەن هێزە ئه‌منییه‌كان "ڕفێندراون"، ئەو هێزانە ئیزنی بەڕێوەچونی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییان لە مزگەوت بە بنەماڵەی شەعبانی نەداوە و ڕێگری لە هەرچەشنە هاتووچۆیەکی خەڵک بۆ ماڵی ئەوان دەکەن". 

لە لایەکی دیکەوە، میلاد مەعروفی تەمەن ٢٣ ساڵ، کە ڕۆژی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بە سەختی بریندارکرابوو، ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.


AM:10:28:19/11/2022