"یەكێتی و پارتی كۆتایی بە كێشەكان دەهێنن"

بڕیارە لە ڕۆژانی ئایندەدا شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكات، کە لە سەرەتادا لەگەڵ یەكێتی كۆدەبنەوە، بەرپرسێكی باڵای یەكێتیش دەڵێت" جگە لە ڕێکكەوتن لەگەڵ پارتی، هیچ ڕێگایەكی ترمان لە بەردەمدا نییە". 

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تینشتیمانی كوردستان، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" یەكەم جار نییە هەندێک ناکۆکی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا دروست دەبێت، دوو حزب لە سیستمێكی فرەحزبی دیموكراسیدا ناکۆکیشیان دەبێت، بەڵام نابێت كاریگەری بكاتە سەر حكوومەت لە كاتی بڕیارداندا و دەکرێ كۆدەنگ بن بۆ چارەسەركردنی كێششەكان". 

دەشڵێت" ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان، دڵخۆشکەرن، دەرگای یەكێتییش كراوەیە، بەدڵنیایەوە بە نەفەسێكی تازە و بەرنامەی نوێ دەگەینە ڕێککەوتن و كۆتایی بە كێشەكان دەهێنین".

ئاماژەی بەوەشکرد، گەشبینم و دڵنیام لەوەی هەردوو لامان توانای ئەوەمان هەیە كێشەكانمان چارەسەر بكەین، دڵنیاش بن لەوەی یەكێتی و پارتی هیچ ڕێگایەكی تر لە بەردەمیاندا نییە جگە لە ڕێکكەوتن، جگە لەوەش دوو سەركردایەتی هەڵبژێردراویان هەیە كە هەست بە بەرپرسیارێتیی نیشتییمانی و نەتەوەیی دەكەن، لە بارودۆخێكی هەستیاری وەك ئەمڕۆدا، بە دڵنیاییەوە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەكەمان، دەگەینە دەرەنجامێكی باش. 

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد" كۆبوونەوەی زۆریش لە نێوان كاك مەسعود و كاك بافڵ هەبووە، پێویستە یەكێتی و پارتی زیاتر لە یەكتری قبوڵ بكەن و پێكەوە گفتوگۆی جیددی ئەنجام بدەن". 


PM:12:05:19/11/2022