تورکیا چەند ناوچەیەکی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکات

فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا درەنگانی شەوی ڕابردوو چەند ناوچەیەکی سنوری هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستانی بۆردوومان کرد و وەزارەتی بەرگری تورکیاش ئۆپەراسیۆنەکە بە "چنگی شمشێر" ناودەبات. 

بەپێی زانیارییەکان، درەنگانێکی شەوی ڕابردوو چەند فڕۆکەیەکی جەنگی دەوڵەتی تورکیا بۆردوومانی چیاکانی قەندیل، ئاسۆس و برادۆستی کرد. 

هەر بەپێی زانیارییەکان، سوپای تورکیا لە سنووری باڵەکایەتییش بە فڕۆکەی جەنگی بە نزمی بە ئاسمانی شارۆچکەی چۆمان و دەوروبەریدا سووڕاوەتەوە و بەوهۆیەوە ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتوانی سنورەکە دروستکردووە.

تائێستا زانیاری ورد لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکەوە بڵاونەکراوەتەوە. 

هاوکات بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، هەر درەنگانی شەوی ڕابردوو تورکیا سنوری شاری کۆبانێ و ناوچەکانی زرگان، شەهبا و دێرک-ی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج. 

لای خۆشییەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ئۆپەراسیۆنەکەی بە "چنگی شمشێر" ناوبرد و ڕایگەیاند، هێرشەکانیان پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگەیان کردووەتە ئامانج. 


AM:08:36:20/11/2022