لەتیف مستەفا: تا ئاوا ساویكلە بین دەبێت چاوەڕوانی كارەساتی گەورەتری ماڵەكەی سلێمانی بین

 
لەتیف مستەفا، كەسایەتی ناسراوی كوردستان رەخنەی توند لە شێوازی حوكمڕانیكردنی پارتی و یەكێتی دەگرێت و رایدەگەیەنێت "تا ئاوا ساویكلە بین دەبێت چاوەڕوانی كارەساتی گەورەتری ماڵەكەی سلێمانی بین".

لەتیف مستەفا، كەسایەتی ناسراوی كوردستان سەبارەت بە رووخانی ماڵەكەی شاری سلێمانی بەهۆی تەقینی غازەوە رایگەیاندووە "چ سوكایەتیەكمان پێ دەكرێت، گازی كوردستان لە ھی زۆربەی وڵاتان زۆرترە، دەبوایە لە پێشەوە بە تۆڕ بۆ ھەموو ماڵان رابكێشرایە وەك ئێران، دوای ئەوە زیادەكەی بفرۆشرایە، كەچی دەیدزن و دەیفرۆشن".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "كە لەڕوداوێكی ئاواشدا كارەساتی وا جەرگبڕی لێدەكەوێتەوە (كە ئەنجامی دزی و فزیەكانی خۆیانە) بەفەوجە حیمایەكانیان و لەمیدیاكانیانەوە كە ھەمووی بە ئەو پارە دزراوە كڕدراون، كەڵەشێر ئاسا دەردەكەون خۆیان گیڤ دەكەنەوەو  مەكرەمەو پیاوەتی خۆیان دەنوێنن یەكێكیان دەڵێ خەرجی تەعزیەكەی لەسەر من، ئەویتر دەڵێ خانوەكان چاك دەكەمەوە ، یەكێكی تریش دەڵێ رێوشوێنەكانی دانانی تانكی غاز توند دەكەین".

لەتیف مستەفا روونیكردەوە "لایەنگرانیان نوسەرو میدیاكارەكانیشیان ھەر یەكەو  باسی پیاوەتی و مەكرەمەتی ئاغاكانیان دەكەن، زۆر بەزیرەكانە ئەسڵی بابەتەكە بزر دەكەن و وادەكەن خەڵك ھەر بیریشی لێ نەكاتەوە". 

هەروەها وتویەتی "بۆیە تا ئاوا سادەو ساویكلە بین دەبێ چاوەڕوانی كارەساتی گەورەتر و جەرگبڕتر بین، خوای گەورە گیانی كۆچ كردوان بە بەھەشتی بەرینی خۆی بسپێڕێ و  شیفای بەپەلەی بریندارەكانیش بداو سەبوری كەسوكاریان بدات".



AM:12:22:21/11/2022