لەبارەی مەترسی دروستبوونی لافاو هۆشداری دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا دەربارەی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی كە پێشبینی دەكرێت كۆتایی ئەم هەفتەیە دەست پێ بكات هۆشداری دەدات. 

لە هۆشدارییەکەدا بەرێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەکردووە" بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەگەری هاتنی شەپۆلێكی بارانبارینی بەهێز هەیە، كە بە هۆیەوە ئاستی رووبار و چەمەكان بەرزدەبنەوە". 

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا بەرێوەبەرایەتییەكە، داوا لە هاوڵاتیان دەكات" ئامادەسازی پێویست بكەن و خۆیان لە نزیك روبار و چەمەكان دوربخەنەوە، هەروەها ئەو گوندانەی كە روبار و ئاوی ئـاوەڕۆی شارەكان بە نزیكیاندا تێپەڕدەبێت، بە تایبەتی دەوروبەری شاری هەولێر و شارە گەورەكان، پێویستە مەترسی لافاو بەهەند وەربگرن". 

هەروەها داواش لە بەرگری شارستانی و شارەوانییەكان دەكات، لە كاتژمێرەكانی سەرەتای رۆژی پێنجشەممە لەوپەڕی ئامادەباشیدابن.


PM:12:31:23/11/2022