بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی: سەنگەرمان نەگۆڕیوە


بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی و هاوڕێكان رەتیدەكەنەوە پەیوەندییان بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردبێت و دەڵێن سەنگەریان نەگۆڕیوە.

بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی، لە روونكردنەوەیەكدا رایانگەیاندووە "ئەمرۆ لە ساڵیادی شەهیدی بوونی لیوای مافپەروەر موراد كانی كوردەیی و هاورێكانیدا، چەند كەسێك لە بنەماڵەكەمان لە كاردانەوەی بێباكی و بێدەنگبوونی دەسەڵاتدارانی ئێستای یەكێتی بەرامبەر بە كەیسی تیرۆركردنی شەهید موراد و هاورێكانی و دەستگیرنەكردنی تاوانبارانی ئەو كردەوە تیرۆریستیە، بڕیاریان داوە ئاراستەی سیاسی خۆیان بگۆڕن".

روونكردنەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە لەگەڵ ئەوەی رێز لە هەڵوێستی ئەو كەسانە دەگرین و لە توڕەیی و دڵگەرمی و پەرۆشیان تێدەگەین، لەهەمان كاتدا بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی رادەگەیەنین، تەواوی بنەماڵەكەمان لەسەر رێباز و سیاسەتی نەگۆڕی شەهید موراد و بنەماڵەكەمان بەردەوامن و بە هیچ جۆرێك ئاراستەی سیاسی خۆمان نەگۆڕیوە و نە دەشیگۆڕین".

هەروەها دەڵێن "بەداخەوە دەسەڵاتدار و بڕیاردەرانی ئەم یەكێتییەی ئێستا لە دوای خیانەتەكەی ٨ی تەمووزەوە ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نیە كادر و ئەندامانی حزبەكە و كەس و كار و خوێنی شەهیدانە، هەر بۆیە ساڵێك لەمەوبەر و بە شێوازێكی زۆر نامەردانە  لەناوەراستی بازاڕی رانیە و بە بەرچاوی خەڵكی قارەمانی دەروازەی راپەڕین، بەعس ئاسا هەڤاڵ موراد و هاورێكانیان خەڵتانی خوێن كرد و شەهیدیان كردن، تا ئێستاش ئامادەنین تاوانبارانی ئەم تاوانە دڕندانەیە رادەستی یاسا بكەن".

ئەمڕۆ چەند كەسێك لە بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی پەیوەندییان بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كرد.



PM:07:48:25/11/2022