نوێنەرانی یەکێتی بەشدار وەفدی دانوستانکاری بەغدان


وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات، پێکهاتەی وەفدەکەش لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێکدێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوو مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حوکمەت و چەند وەزیرێک لە تیمی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەکات.

شاندەکەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ئاوات شێخ جه‌ناب وەزیری دارایی، كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دارا ره‌شید وەزیری پلاندانان، ئومێد سه‌باح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ره‌حیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عه‌بدولحه‌كیم خسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی رایگەیاند" بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حكومه‌تی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور، دۆسیەی ماددەی١٤٠، دۆسیەی نەوت و گاز، بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز) سه‌ردانی به‌غدا.

سەردانی ئەو وەفدە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی ( ماوە بەسەرچوو ) بە سەردانێک بۆ تەواوکردنی سەردانی هەفتەی پێشووی گەیشتە بەغدا.



PM:01:10:27/11/2022