کارەبای سلێمانی: پێدانی کارەبا رۆژ بە رۆژ کەمتر دەبێتەوە


بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند" بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و دابەزینی پلەکانی گەرما و بەرزبوونەوەی ئاستی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا هۆکارن بۆ ئەوەی رۆژ لە دوای رۆژ بڕی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی کەم بێتەوە".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ئەمرۆ یەک شەممە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت " لێرەدا دەمانەوێت راستی پێدانی کارەبا و چۆنیەتی دانانی بەرنامەی کارەبا بۆ دانیشتوانی شارباژێر و هەموولایەک رون بکەینەوە".

دەشڵێت" سەبارەت بەو رونکردنەوەیەی پەیجی شارباژێر کە تەنیا کارەبای شارباژیر کەمکرابێتەوە راست نیە، چونکەی بەرنامەی دابەشکردنی کارەبای نیشتیمانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی دادەنرێت بۆ هەر سێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین، وە ئاگادریش کراون کە لەپێدانی بەرنامەدا رەچاوی ئەو ناوچانە بکەن کە ساردن و مۆلیدەیان نیە".

ئەوەش دەخاتەروو، ئەم کارەیان کردووە بە ئامانجی ئەوەی لە دانانی بەرنامەدا بتوانن ئەو بڕە کارەبایەی هەیە بەیەکسانی دابەش بکرێت بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی و هیچ بەرێوەبەرێکی گشتی دیکە دەست لە کاروباریان وەرنادات.

دەشڵێت، بەپێی ئەو بڕە کارەبایە بەرهەم دێت و پشکی کارەبای سلێمانیە بەرنامەی تایبەت بۆ ناو شار و گوندەکان و بازرگانی و پیشەسازیی دادەنێن و لەدانانی بەرنامەشدا زیاتر ئاگایان لە گوندەکان و دەرەوەی شارە کە مۆلیدەیان نیە و سەخت و ساردن.

چەند رۆژی رابردوو عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند سەرباری چڕی دانیشتوانی سلێمانی، بەڵام پێدانی کارەبا بە سلێمانی بە بەراورد بە هەولێر و دهۆک بڕەکەی کەمترە.



PM:10:39:04/12/2022