هێمن هەورامی: نیوەی خەڵکی سلێمانی لە دەسەڵاتی ئەو سنورە ناڕازین


هێمن هەورامی ئەندامی نوێی مەکتەبی سیاسی دەڵێت"نیوەی خەڵکی سلێمانی لە دەسەڵاتی ئەو سنوورە ناڕازین و، گەر پارتی بیەوێت سوود لەو بابەتە ببینێت بۆ سوودی خۆی ئیشی لەسەر دەکات، بەڵام شتی وا ناکەین".

لە چاوپێکەوتنێکی درێژدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان ٢٤ هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئامادەیی حیزبەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ٢٠ رۆژدا راگەیاند کە کۆمسیۆن نوێ بکرێتەوە، هەرچەندە " ئێمە کەمایەتین لە کۆمسیۆندا"و لە دوای ئەوە کۆمسیۆن خۆی ئامادەبکات و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت وتیشی" بۆ ئەوەی کەس بیانووی نەمێنێت، لیستی دەنگدەرانی عێراق بهێنن و لەسەر ئەو بنەمایە با هەڵبژاردن بکرێت".

"پارتی هیچ مەرجێکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان نییە و ئامادەین سەردانی یەکێتی بکەین، لە گفتوگۆ نەترساوین و لە ترسیشا گفتوگۆ ناکەین".

رایگەیاند "بابەتی هاوکار جاف پەیوەندیی بە پاتییەوە نییە و بەشێک لە یەکێتی هەوڵی بەلاڕێدا بردنی کەیسەکە دەدەن".( هێمن هەورامی رایگەیاند ).

هەورامی وتیشی "دوای هەشتی تەموز دەوترا بە نەمانی تاقمێکی ناو یەکێتی زۆر شت ئاسایی دەبنەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە وا نەبوو، گەر وەک خۆی نەبێت، کەم نەکردووە".

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتیشی " ١٨١ بڕیار لە حکومەت دەرچووە هەمووی بە کۆدەنگیی بووە، ٥١ پرۆژە یاسا لە پەرلەمان دەرچووە، هەمووی بە کۆ دەنگیی بووە".

ئەو پێیوایە یەکێتی لەم کابینەیەدا پشکی زیاتری لە کابینەکەی پێشوو وەرگرتووەو دەڵێت " لەم کابینەیەدا یەکێتی هەشت بریکاری وەزیر و ١٨ راوێژکار و ٤٣ بەرێوەبەری گشتییان هەیە و لە کابینەکانی پێشوو زیاتریان بەرکەوتووە".

هەورامی، کێشەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف بە خاڵی وەرچەرخاندنی پەیوەندی هەردوو حیزب ناوزەد دەکات و دەڵێت "لەدوای بابەتی هاوکار جافەوە یەکێتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی تێکداوە و کاک قوباد با خۆی وەڵامی ئەوە بداتەوە کە بۆچی دەوام ناکات، ٩٧ کۆبوونەوە کراوە لە ئەنجوومەنی وەزیران و با لەوێ قسەی خۆی بکات".

وتی "ئەگەر هێز نێردراوەتە بەردەم ماڵی کاک قوباد با لێکۆڵینەوە بکرێت و بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات".

وتیشی "کاک مەسرور بە شەخسیی داوای لە کاک بافڵ تاڵەبانی کرد هاوکاریی بکات لە دۆسیەی کوشتنی هاوکار جاف و بەنوسراوی رەسمی ئەنجومەنی ئاسایش داوای تۆمەتبارانی کردووە".

بەوتەی هێمن هەورامی "هەموو ئەو کێشە و تۆمەت و زەقکردنەوەی کێشانەی بۆ حکومەتی هەرێم دروستدەکرێت، هۆکارەکەی دیزە بەدەرخۆنەکردنی دۆسیەکەی هاوکار جافە".

لەبارەی بڕینی مووجەی دژەتیرۆرەر وتی " مووچەی دژەتیرۆر نەبڕاوە، بەڵکو بودجەی تەشغیلیی دەزگاکە بڕدراوە".

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی خەرجکراوە بۆ ناوچەکانی سلێمانی وتی "بۆ سلێمانی ٩ ترلیۆن دینار سەرفکراوە، لە کۆی ٢٣٦ پرۆژەی کابینەی نۆ ٨٦ یان بۆ شاری سلێمانی بووە، لە ٩١١ ملیار دیناری مووچە ٤٣٨ ی بۆ سلێمانی دەدرێت، لە کۆبوونەوەی ٧-١-٢٠٢١ دا هەموو دەسەڵاتێک سەرف و پارە و چارەسەری هەر کێشەیەک لە زاخۆ تا خانەقین دراوەتە دەست کاک قوباد و خۆی لێی بەرپرسە".

لەبارەی فرۆشتنی غازی کۆرۆموە، هەورامی دەڵێت "بۆیە غازی کۆرمۆر هەناردە نەکرا، چونکە لایەنی دەسەڵات لەوێ داوای پشکی دەکرد، بەهۆی ئەو رێگرییەوە مانگانە ٩٠ ملیۆن دۆلار زیان لە حکومەتی هەرێم دەدرێت".



PM:10:57:05/12/2022