پارتی و یەكێتی لیژنەی هاوبەش بۆ داڕشتنی پلانەكانی كاری هاوبەشی میدیایی پێكدێنن

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەراگەیەنراوێكدا پابەندی خۆیان بە پرەنسیپە نیشتمانیەكان و بەها مەدەنی و بنەماكانی پێكەوەژیان و پێشكەوتنی كوردستان دووپات دەكەنەوە.

دەقی راگەیەنراوەكە:

راگەیاندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی

 دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
22/8/2014
بۆ تاوتۆكردنی پرسی راگەیاندن لەم قۆناغەدا، كە وەرچەرخانێكی هەستیارە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و، ئەزموونی دیموكراسی و مەدەنیەت و پرەنسیپەكانی پێكەوەژیان و گەشەكردنی كۆمەڵایەتی و ئابوری كەوتوونەتە بەر هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش، مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرپەرشتی هەڤاڵان (ئەرسەلان بایز و مەحمود محەمەد) كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئەو تەوەرانەوەكرد كە دەشێ‌ بابەت بن بۆ بارگرژی راگەیاندن، كە دەرەنجامەكەی زیانگەیاندنە بە هاو وتاری و یەكڕیزی گەلەكەمان لە پشتەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، كە داكۆكی دلێرانە لە گەلەكەمان و بەها و دەستكەوتەكانی و هەموو نەتەوە و پێكهاتە ئایینیەكان و ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە و هەموو ئەوانە دەكات كە لەدەستی دڕندەیی داعش رایانكردووە و هانایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و، هاوكات پێشمەرگە دلێرەكانی كوردستان لە پێشڕەویدان بۆ تێكشكاندنی هێزی شەمشەمە كوێرەكانی جەهالەت.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پابەندی خۆیان بە پرەنسیپە نیشتمانیەكان و بەها مەدەنی و بنەماكانی پێكەوەژیان و پێشكەوتنی كوردستان دووپات كردەوە و هەر چ گوتارێكیش كە زیان بەو بنەمایانە دەگەیەنێت رەتی دەكەنەوە و رێگە نادەن ببێتە بابەتی بڵاوكردنەوە و بەدواداچوونی میدیایی.
هەردوولا ئەم قۆناغە بە هەستیاری خۆیەوە درك دەكەن و دەیكەنە بنەما بۆ كارەكانی راگەیاندن كە كەمترین دیاری و پشتیوانیە بۆ گەلەكەمان و پێشمەرگە نەبەردەكانی كوردستان و گۆرزێكیشە لە داعش و نەیارانی گەلەكەمان دەسرەوێنرێ‌. هەروەها كۆبوونەوە بڕیاریدا لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنرێت بۆ داڕشتنی پلانەكانی كاری هاوبەش و پێكەوەیی لەهەموو بوارەكاندا كە وەكوو پڕۆژەیەكی میدیایی دەخرێتە بەردەستی پارتی و یەكێتی بۆ پەسەند كردنی.

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی                                                      مەكتەبی راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان                                                     یەكێتی نیشتمانی كوردستان

22ی ئابی 2014




PM:11:07:22/08/2014