باوکی ژینا ئەمینی رەتی کردەوە سەرۆکی ئێران ببینێت

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" سەرۆک کۆماری ئێران، لە سەردانی ئەم دواییەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای کردبوو سەردانی ماڵی ژینا ئەمینی بکات، بەڵام باوکی ژینا ئامادە نەبووە چاوی بە ڕەئیسی بکەوێت". 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لێدەوانێکدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند" سەرەڕای تانەدانی پارێزەرەکان لە بۆچوونەکەی پزیشکی داد و پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکی داد کە ژمارەیەک لە پزیشکانی جێی متمانە و ڕاگەیەنراوی بنەماڵەکەیشی تێدا جێگیر کرابێت، بەڵام تا ئێستە بەرپرسانی دادوەر هیچ هەنگاوێکیان بە ئاڕاستەی قبووڵکردنی ئەم داواکارییە یاساییەدا نەگرتووەتە بەر". 

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە" وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران پارێزەرەکانی بانگهێشت کردووە و هەڕەشەی لێ کردوون کە بۆیان نییە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا وتووێژ بکەن یان لەسەر دۆسیەکە هەواڵێک بڵاوبکەنەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، لە سەردانی ئەم دواییەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای کردبوو سەردانی ماڵی ژینا ئەمینی بکات و کەسوکارەکەی ببینێت، بەڵام ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا داواکارییەکەی قبووڵ نەکردووە و ئامادە نەبووە چاوی بە ڕەئیسی بکەوێت.


PM:05:28:07/12/2022