لەسەر وەرنەگرتنی داوای یاسایی لە هاوڵاتییەک
بەڕێوەبەری بنکەیەکی پۆلیسی سلێمانی لەسەر کارەکەی لادەبرێت


سەرەتای ئەم هەفتەیە بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ کە لە پلەی موقەدەمدایە لەسەر کارەکەی لادەبرێت، بەهۆی ئەوەی داوای یاسایی لە هاوڵاتییەک وەرنەگرتووە کە لەلایەن بازرگانێکەوە لەناو گوندی ئەڵمانیدا هێرشێکی زۆری کراوەتە سەر لە ژێر لێداندا بێ هۆش بووە.

سەرەتای ئەم مانگە، کانوونی یەکەم، هاوڵاتییەک بەهۆی راگرتنی ئۆتۆمبیلەوە لەناو گوندی ئەڵمانی، ژمارەیەک پاسەوانی بازرگانێك بەناوی ( هە. ت)ەوە هێرشێکی زۆر دەکەنە سەر ئەو هاوڵاتییە و تا بێهۆش دەبێت لێیدەدەن و ئازاری دەدەن.

ئەو هاوڵاتییە دواتر دەچێت بۆ بنکەی ئەزمەڕ بۆ تۆمارکردنی داوایی یاسایی، سەرباری ئەوەی ئەو هاوڵاتییە ئازارێکی زۆر دراوەو بێهۆشبووەو لە نەخۆشخانە چارەسەرکراوە، بەڵام بەڕێوەبەری ئەو بنکەیە کە پلەکەی موقەدەم بووە، داوایی یاسایی لەو هاوڵاتییە وەرنەگرتووە.

دوای ئەوە هەواڵەکە دەگاتە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەرپرسی ئەو بنکەیە کە موقەدەمەکەیە لەسەر کار لادەبرێت و بە کاتی ئەفسەرێکی تر بە پلە عەمید دەخرێتە شوێنی و سکاڵا لە هاوڵاتییەکە وەردەگیرێت.

دواتر هاوڵاتیەکە بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبێت و سەر ئێشەی تری بۆ دروست نەبێت، دەست لە داواکە هەڵدەگرێت.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی هەواڵی دەستدرێژیەکە بۆ سەر ئەو هاوڵاتییە و، ئەو گۆڕانکارییەی بۆ ماڵپەڕی " سپی " پشتڕاستکردەوە.

سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند گەر رووداوی دەستدرێژی بۆ سەر ئەو هاوڵاتییە نە گەیشتایەتە جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی یەکێتی ئەو رووداوە ئاسایی تێدەپەڕی.



PM:09:40:08/12/2022