ئەمڕۆ هەینی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنمایی کاراکردنەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی ژمارە (٢٩٣)ی کرد، کە تایبەتە بە دۆزینەوەی ڕاستی سەبارەت بە بکوژانی خۆپیشاندەران و قەرەبووکردنەوەی خۆپیشاندەرانی بریندار.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند" لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی دیوانی ژمارە (٢٩٣) کارا دەکرێتەوە، کە تایبەتە بە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوژران و بریندارکردنی خۆپیشاندەران".
لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لیژنەکە دووبارە کارەکانی خۆی دەستپێکردوەتەوە و کاریش دەکرێت بۆ قەرەبوکردنەوەی خێزانی کوژراوەکان".
لە میانی شەڕ و پێکدادانێکی نێوان خۆپیشاندەران و سوپای عێراق لە ناسریە لە پارێزگای زیقار سێ خۆپیشاندەر کوژران و ٢١ کەسی دیکەش برینداربوون.