سەركردەیەكی یەكێتی: گەمارۆیەك لەسەر زۆنی سەوز هەیە


سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "ماوەی ساڵێكە دانمان بە خۆماندا گرتووە و چاوەڕوانی باشتربوونی دۆخەكە بووین، لە هەموو لایەكیشەوە گەمارۆیەك لەسەر زۆنی سەوز هەیە". 

مەجید محەمەد، سەركردەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند "ئێمە هەمیشە نیگەران بوین و نایشارینەوە، ماوەی ساڵێكە لە دۆخی حكومەت و ئەدای حكومەت نیگەرانین، بەڵام دان بەخۆداگرتن و چاوەڕوانبونی باشتری وەزعەكە و هاتنەپێشەوە كۆمەڵێك عەقڵمەند دۆخەكەمان دواخست، ئێستا هەستی پێدەكرێت شەڕێكی تایبەت دەكرێت لە كوردستان كە رەنگە دەستی دەرەكی تیادابێت، لە هەمو لایەكەوە گەمارۆیەك لەسەر زۆنی سەوز هەیە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "هەست دەكەین لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا برادەرانی ئێمە زۆر دەستیان گیراوە لە كاركردن، ئەو وەزعە بەتەواوی نیگەرانی كردوین، ئێمە بە ئاشكرا و بە نوسراوی فەرمی بە برادەرانی پارتیمان وتوە و ئەوانیش دوێنێ وەڵامی خۆیان ناردوەتەوە بۆ سلێمانی".

مەجید محەمەد وتویەتی "نیگەرانییەكانی خۆمان گەیاندوەتە پارتی و ئەوانیش دەڵێن نیگەرانن لە ئەدای ئێمە و لە حوكمڕانی و میدیا و ئەو بابەتە دانیشتنی ئەوێت، ئەو بابەتە وەكو یەك پاكێج سەیری دەكەین و بەش بەشی ناكەین، ئێمە ئەوەنین بێین لەسەر پۆستەكان پێكبێین بەڵكو ئێمە خزمەتی خەڵكمان لە ئەولەویەتی كارەكانمان داناوە".




PM:03:41:12/12/2022