سی پی جەی: ژمارەی ڕۆژنامەوانانی زیندانیکراو لە جیهاندا زیادیکردووە

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان سی پی جەی لەبارەی ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەستگیرکراون دەڵێت" ژمارەکە بە ئەندازەیەک زیادیکردووە کە ڕێکۆردێکی نوێی شکاندووە". 

خانم ئارلین گێتز سەرنوسەری کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان سی پی جەی لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات" لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ١٢، ٣٦٣ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢٠% ژمارەکە زیادیکردووە کە ئەمە بۆخۆی نیشانەیەکی دیکەیە بۆ خراپبوونی دۆخی کاری ڕۆژنامەوانی". 

دەشڵێت" لە ئێران و چین و میانمار و تورکیا و بیلاڕووسیا، ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین ڕۆژنامەنوسیان دەستگیرکردووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ١٤ هەزار کەس دەستگیرکراون، لە نێویاندا دەیان ڕۆژنامەوان هەن، لە کۆی ٤٩ ڕۆژنامەوانی دەستگیرکراو، ٢٢ ڕۆژنامەنوسیان ژنن، ٩ ڕۆژنامەوانیش کوردن". 

ئەوەش هاتووە" لە تورکیاش، دەسەڵاتداران ٢٥ ڕۆژنامەوانی کوردیان دەستگیرکردووە کە کاریانکردووە بۆ ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا یان بۆ ژن‌ نیوز و یاخود کاریانکردووە بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمیان بۆ ئەو دوو میدیایە ئامادەکردووە لە ئەوروپا و عێراق، لە ساڵی ڕابردوو ١٨ ڕۆژنامەوان لە تورکیا زیندانیکرابوون، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە ٤٠ ڕۆژنامەوان". 

خانم ئارلین گێتز لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بۆ ٣ ڕۆژنامەوانیش دەکات کە لە هەرێمی کوردستاندا زیندانیکراون.


PM:03:32:14/12/2022