سەركردەیەكی پارتی باس لە كۆبوونەوەی حیزبەكەی و یەكێتی دەكات


سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئێستا خەریكە زەمینەسازیی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی دەڕەخسێت كە به ‌یەكەوە دەتوانن ئەو گرفتانەی لە نێوانیاندا هەن‌ چارەسەر بكەن.

ئەحمەد كانی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (باسنیوز)ی نزیك لە حیزبەكەی راگەیاندووە، خەریكە زەمینه بۆ كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی ‌دەڕەخسێت، باشترین دەستپێكیش ئەوەیه كە باس لە خاڵە ئەرێنییەكان بكرێت، نیەت هەیە لەلایەن هەردوولاوە بكرێتە كردار و هەرچی زوو بە یەكەوە دابنیشن".

ناوبراو روونیكردەوە "ئێستا پارتی نیەتی چارەسەر و كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی هەیە و دەبێت ئەم كۆبوونەو‌انە لەسەر بنەمای دروست بێت و نیەت باش بێت، نەك تەنیا كۆبوونەوە، مادام هەموو حزبەكان و پارتی و یەكێتی باسی نزكبوونەوە دەكەن، دەبێ بەرنامەیەك هەبێت بۆ كۆبوونەوە و دەبێ بەرنامەكان لۆژیكی و واقعی بن، چونكە لەگەڵ برادەرانی یەكێتی ئەزموونی دوورودرێژمان هەیه، جەخت لەوە دەكەینەوه،‌ كە ئەم كوردستانە بە هاوبەشیی هەموو لایەك بەڕێوە دەچێت.''

هاوكات ئەمڕۆش دڵشاد شەهاب لە رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی ئاكام عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لە فڕۆكەخانەی سلێمانی بە نوێنەرایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) رایگەیاند "ناوچەكەمان بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشە و مەترسی جیدیدایە؛ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و تەبایی و قبووڵكردنی یەكتر و بەیەكەوەكاركردنی هەموو هێز و لایەن و پێكهاتەكان و تەبایی و یەكڕیزی پارتی و یەكێتییە".
 
دڵشاد شەهاب روونیكردەوە "پاراستنی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا بە تەبایی و یەكڕیزی دەكرێت؛ هێز و قورساییمان لە بەغدا و لای هاوپەیمانان و دۆستانمان لە جیهان بە تەبایی و یەكڕیزیمان دەبێت".
  



PM:03:43:17/12/2022