جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆچی دوایی کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە سەلام زوبەیعی جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دکتۆر سەلام زوبەیعی جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی هیندستان کۆچی دوایی کرد.

سەلام زوبەیعی لە ساڵی ١٩٥٩ لە بەغدای پایتەختەی عێراق لە دایکبووە، دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی موسڵ بەشی زانستی خاک و ئاو بووە، ساڵی ١٩٨٢ لە ڕیزبەندی دە باشترینەکان بووە.

ساڵی ١٩٨٧ بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی بەغداد لە کۆلێژی کشتوکاڵ بەشی زانستی خاک بەدەستهێناوە، هەروەها وەک مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێژی کشتوکاڵ زانکۆی ئەنبار بەشی زانستی خاک و ئاو لە ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە.

سەلام زوبەیعی بۆ دوو خولی یەک لە دوای یەک (١٩٩٣ - ١٩٩٥ -١٩٩٧) بە سەرۆکی ئەندازیارانی کشتوکاڵ لە پارێزگای ئەنبار هەڵبژێردرا، ناوبراو لە ساڵی ١٩٩٧ بۆ خوێندنی دکتۆرا لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی بەغداد وەرگیراوە. 

زوبەیعی چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵی بەڕێوەبردووە و ئەندامی چەندین کۆمەڵەی پیشەیی بووە لە پسپۆڕییە کشتوکاڵییەکان، هاوکات ئەندامی ئەمینداریەتی گشتی یەکێتی ئەندازیارانی کشتوکاڵی عەرەبی بووە. 

ساڵی ٢٠٠٥ بە سەرۆکی ئەندازیارانی کشتوکاڵ لە عێراق هەڵبژێردرا و توێژینەوەی زۆری هەیە و نوێنەرایەتی عێراقی کردووە لە زۆر چالاکی و کۆنفرانسدا لە سیستەمی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.

 زوبەیعی له‌ ساڵی ٢٠٠٥ له‌سه‌ر پشكی سونه‌كان بووه‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری ئاسایش، هاوکات  له‌ ساڵی ٢٠٠٦ بووه‌ وه‌زیری به‌رگری عێراق بە وەکالەت. 


AM:09:32:19/12/2022