جارێکی تر ماڵپەڕی باسنیوزی پاراستنی پارتی شەکری شکاند

دوێنێ ١٨ ی کانوونی یەکەم ماڵپەڕی ( سپی میدیا ) هەواڵێکی ئاسایی لەسەر دەوامکردنی بریکاری وەزیری ناوخۆی کە لەسەر پشکی یەکێتی یە بڵاوکردەوە، ماڵپەڕە تێکدەرەکەی ( باس نیوز) وەک پیشەی هەموو جارێکی کە خەریکی تۆمەت بەخشینەوەیە لەگەڵ وەرگرتنی بڕگەیەکی هەواڵەکەی ماڵپەڕی سپی میدیا دەڵێت" ماڵپەڕێكی نزیك لە یەكێتی بە ناوی (سپی میدیا)ەوە".

ئەمە یەکەم جار نییە ئەم ماڵپەڕی دەزگای پاراستن تۆمەت بخاتە پاڵ ماڵپەڕی سپی میدیا، رۆژی ٢٩ کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ش تۆمەتی سەر " بە لاهوری شێخ جەنگی " خستە پاڵ ماڵپەڕەکەمان، دوێنێش " بە ماڵپەرێکی نزیک یەکێتی " ناوزەدی کردین.

تەمەنی ماڵپەڕی و گۆڤاری سپی میدیا بەرەو ١٠ ساڵ دەڕوات، بە توانایەکی زۆر کەمی ریکلام و ژمارەیەک رۆژنامەنووسی کەمەوە بە مووچەیەکی رەمزی،  سەربەرزانە، ئەوە چەند ساڵە بەردەوامە لە گەیاندنی پەیامی رۆژنامەنووسی خۆی، وەک میراتێکی میدیای ئەهلی و ئازاد لە کوردستان، خوێنەران و خەڵکی کوردستانیش ماڵپەڕی سپی میدیا و ستافەکەی دەناسن و، ماڵپەڕی باسنیوزی دەزگای پاراستنی پارتیش دەناسن.

ئێوە تەنها بەوەوە نەوەستاون کە ئەگەر پانتاییەکی بچووکی جوان مابێت ناشیرینی بکەن، بەڵکو گەر  لێپرسراوانی پارتی بەرپرسانە مامەڵە بکەن دەبێت ئەو دەزگایەی ئێوە دابخەن، چونکە ئێوە بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی تێکدانی پەیوەندی نێوان پارتی و حیزبەکانی تر، هەروەها ئێوە دڵی یەک رۆژنامەنووس و رۆشنبیری جدیتان بە پارتی یەوە نەهێشتووەو هەر رۆژەو پەلاماری حیزب و دەزگا رۆشبیری و میدیایی و فیگەرە رۆشنبیرەکانی کۆمەڵگای کوردی دەدەن.

سەرباری ئەمەش ئێوە بوونەتە بار بەسەر میدیایەوە، لەلایەکەوە پەلاماری هەموو پرۆژەیەکی جدی دەدەن، لەلایەکی ترەوە دەزگاکەتان بە سامان و موڵکی گشتی بەڕێوەدەبەن، دڵنیابن گەر ئەمڕۆش نەبێت، لە ئایندەدا لەگەڵ بچووکترین ئاڵوگۆڕی سیاسیدا، ئەو دەزگایەی ئێوە دادەخرێت و هەموو ئەو خەڵکانەی کە ساڵانێکە تۆمەتی بۆ دادەڕێژن دێنە سەرتان و رادەستی دادگاکانتان دەکەن.

زۆر بە راشکاوانەش پێتان بڵێێین ئێمە لەگەڵ داخستنی دەزگای میدیای ( باس ) داین، بڕوای تەواویشمان بەوە هەیە دۆخی کوردستان و پەیوەندی سیاسی لایەنەکان و لایەنەکان و کۆمەڵگا هەرگیز چاک نابێت تا ئەم جۆرە میدیا سیخوڕییەی پارتی و میدیا سیخوڕیەکانی یەکێتی و حیزبەکانی تر دانەخرێن، چونکە بوونی جۆرە میدیایەکی ئێوەو هاوشێوەی ئێوە هیچ پەیوەندیەکی بە ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە نییەو، تەنها میدیایەکی سیخوڕیە کە ئەرکی تێکدانی کۆمەڵگای کوردیە.

ماڵپەڕی سپی میدیا  ١٩ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢.



PM:04:21:19/12/2022