نەوەی نوێ: لە ئیبراهیم خەلیل ١٠٤ ملیار دینار بەخشین هەبووە


فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاند " تەنها لە ئیبراهیم خەلیل ساڵی رابردوو ١٠٤ ملیار دینار لێخۆشبوونی گومرگی کراوە."

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، رێبوار عەبدولرەحمان وتی" لەژێر چەندان ناودا گومرگ و پارە لە بازرگانان لە خاڵە سنوورییەکاندا وەردەگیرێت و ٨٠٪ـی ئەو داهاتەش دەچێت بۆ حزب و ناگەڕیتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت".

ئاشکرا کرا، لە سێ رێگاوە گومرگ و پارە لە بازرگانان وەردەگیرێت، کە یەکەم رێگە رێگەی گومرگی یاسایی و لە وەسڵی حکومییە و داهاتەکەی بۆ حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم دەگەڕێتەوە، بەڵام لەم رێگەیەوە بڕێکی کەم داهات دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت.
"کۆمپانیاکانی حزب بەناوی بیمەی سەلامەتی و قەپانەوە پارە لە شۆفێران و بازرگانان وەردەگرن و لە رێگەیەکی قاچاغ و بی وەسڵیشەوە پارە لە بازرگانان وەردەگرن بەجۆرێک لە رێگای دەڵاڵی حزبەوە کاڵا و شمەک بە قاچاغ دەهێنرێتە هەرێمەوە و گومرگی کەمتریان لێوەردەگیرێت و بەبێ گومرگی یاسایی و حکومی بارەکانی بازرگانان دەهێننە هەرێم."( لە کۆنگرەکەدا باسکرا).

پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ وتیشی" داهاتی ئیبراهیم خەلیل دەگاتە حەوت ملیار دۆلار و ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کۆمپانیا حزبی و کەسییەکان دەکرێت و پارەکەش دەچێتەوە گیرڤانی حزبەکان".

راشیگەیاند، داهاتی ساڵانەی دەروازەی سێمێلکا تەنها بۆ پشکنینی کۆرۆنا ١٢ ملیار دینارە و ٨٠٪ـی دەچێتە گیرفانی حزبەکان و لە یەک دەروازەی سنوری دهۆک ١٠ هەزار تۆن نەوت دەهێندرێتە هەرێم، بەڵام هیچ داهاتێکی ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت.

هەروەها وتیشی" داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ١٠ هێندەی داهاتی دەروازەی باشماخە".




PM:08:33:21/12/2022