ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە دەکات


ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی ( ماوە بەسەرچوو) پێشوازی لە بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیار دیناری لەلایەن حکومەتی بەغداوە بۆ هەرێم کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ ی یەکەم، ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی و بەشدارینەکردنی قوباد تاڵەبانی ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر کۆبووەوە.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری لە راگەیاندنێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامی دوا سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە ١١/١٢/٢٠٢٢ سەبارەت بە دۆسییەکانی ( بودجە ، نەوت و گاز، دەروازە سنوورییەکان، دیوانی چاودێری دارایی ) لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندەکە خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران دەستخۆشیان لە شاندەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دووپات کردەوە.

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حەفتەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کرد بۆ خەرجکردنی بڕی چوارسەد ملیار دینار وەک شایستەی دارایی هەرێم. هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد لە پەیوەندی بەردەوام بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا بە زووترین کات ڕێکارەکانی ناردنی پارەکە تەواو بکرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە خزمەتی خەرجییە گشتیەکانی هەرێم. ئەنجومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاریشی ڕاسپارد کە لە دوای پشووەکانی سەری ساڵ، کۆبوونەوەکانییان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ چڕبکەنەوە بە ئاراستەی بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان هەتا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت هەروەک لە کارنامەی وەزاریدا هاتووە.



PM:10:13:21/12/2022