بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی دەدات بە ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی


دوای ئەو هەوڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە لەسەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە، ئەمڕۆ ناوبراو سەردانی کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنەکەی کرد بۆ دڵنیا کردنەوەی.

میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی کۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد.

لەو دیدارەدا وەک لەو میدیانەدا هاتووە "بافڵ تاڵەبانی دڵنیاییدا کە یەکێتی نزیکە لە بەدیهێنانی ئەو خەون و ئامانجانەی کاک کۆسرەت خەباتی بۆ کردووە و وتویەتی: ئێمە بە شوێنپێی سەرۆک مام جەلال و کاک کۆسرەت و هەموو سەرکردە تێكۆشەرەکانی تردا هەنگاودەنێین و یەکێتییەکەمان دەپارێزین".

هەروەها هەواڵی تەندروستی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵێ‌ی سیاسی پرسیەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە دوێنێ مەلا بەختیار رایگەیاند کە ئەنجومەنی باڵای سیاسی بە بڕیاری کۆنگرە پێکهاتووەو تەنها کۆنگرە دەتوانێ هەڵیوەشێنێتەوە.

ئەنجومەنی باڵای سیاسی لە کۆنگرەی چواری یەکێتی بڕیاری لەسەر دراو لەو دەمەوە هیچ چالاکییەکی نییە.



PM:07:06:22/12/2022