میلۆنی: بەبێ عێراقێكی بەهێز هیچ پێشكەوتنێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایەتەدی

بەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لە رێوڕەسمی پێشوازیلێكردنیدا لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند" بەبێ عێراقێكی بەهێز هیچ پێشكەوتنێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایەتەدی". 

جۆرجیا میلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا كەمێك پێش ئێستا گەیشتە كۆشكی سەلام لە بەغداد و لە لایەن محەمە شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، هەروەها بڕیارە لەو سەردانەیدا جۆرجیا ڕاوێژكارانی سەربازی وڵاتەكەی بەسەربكاتەوە و دواتریش سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم كۆدەبێـتەوە.

میلۆنی لە میانی پێشوازی لێكردنیدا لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ڕایگەیاند" راگەیاندنی رۆژی ٢٥ی ١٢ وەك پشووی رەسمی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، نیشانەی رێزگرتنییەتی لە كۆمەڵگەی مەسیحی". 

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وتیشی" بەبێ عێراقێكی بەهێز هیچ پێشكەوتنێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایەتەدی". 

لای خۆشیەوە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" محەمەد شیاع سودانی و جۆرجیا میلۆنی لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و رۆما و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنیان کرد لە سەرجەم بوارەکان، بە جۆرێک لە خزمەت بەرژەوەندی هەردوو گەلی عێراق و ئیتاڵیادا بێت". 


AM:11:23:23/12/2022