لێدوانێكی دڵخۆشكەر لە حكومەتەوە بۆ دابەزینی نرخی دۆلار


بەرپرسێكی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، بەرزبونەوەی بەهای دۆلار كاتیە و پەیوەستە بەرێكارە كارگێڕی و داراییەكانەوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، هەڵاوسانی كەم لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لەدەرەوەی نرخە ناوەندییەكانی ئێستا بە هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی هاتۆتە ئاراوە، هۆكارە ناوخۆییەكانیش پەیوەندییان بە دۆلاری نەختینەوە هەیە، بەو پێیەش پەنجەرەی دراوی بیانی بانكی ناوەندی ساڵانە نزیكەی 10 ملیار دۆلار دابیندەكات بۆ نوسینگە و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانكەكان بۆ مەبەستی گەشتیاری، هەروەها ژمارەیەكی زۆریش لە پێداویستییەكانی ناوخۆ لەئێستادا بە دۆلار كڕین و فرۆشتنیان پێوەدەكرێت و لەو رێگەیەوە دابین دەكرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی هەیە سەبارەت بە هەندێك گواستنەوەی ناتەواوی دۆلار لەلایەن بەشێك لە بانكە ئەهلیەكانەوە لەبەرژەوەندی خۆیان و كڕیارەكانیان، هەربۆیە گواستنەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات لەلایەن بەشێك لە بانكە ئەهلیەكانەوە رەتكراوەتەوە.



هەروەها وتویەتی "یەدەگی دراوی بیانی گەیشتوەتە بەرزترین ئاست لە مێژوی دارایی عێراقدا، هاوسەنگییەكەی ڕەنگە 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبێت، ئەمەش مانای وایە هیچ ترس و نیگەرانییەك نییە لە توانا داراییەكانی عێراق لە سەپاندنی سەقامگیری بۆ بەهای دینار و بەرزبونەوەی دۆلاریش كاتیە، تا ئەو كاتەی كە بابەتە پەیوەندیداركانی پەیوەست بە كاروباری كارگێڕی و ڕێكخراوەیی لە مامەڵەكردن لەگەڵ گواستنەوەی دەرەكی و بازرگانی دراوی بیانی رێكدەخرێن".

ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی گەیشتە سەرووی 154 هەزار دیناری عێراقی.



PM:11:11:25/12/2022