کەمال کەرکوکی: دۆخی سلێمانی بەهۆی یەکێتییەوە خراپە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" دۆخی سلێمانی بەهۆی یەکێتییەوە خراپە، داوای لامەرکەزیان کرد لامەرکەزیان پێدرا و داوای سەربەخۆبوونیان کرد، داھاتیان دیارنییە". 

کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی شەوی ڕابردوو لە چاوپێکەتنێکدا دەربارەی کەیسی هاوکار جاف بە میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانی ڕاگەیاند" با خەڵکی بێلایەن و دادگا بێ لایەنانە لەسەر کەیسی ھاوکار جاف کاربکات، بەلگەکان دەخرێنە روو، ئەنجامەکەی چیبوو دەبێت ھەموومان قەبوڵی بکەین". 

وتیشی" دەبێت یەکێتی ئامادەبن تۆمەتبارانی تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف ڕادەستی دادگا بکەن، ناکرێت یەکێک تیرۆر بکرێت بە بەرچاو دونیا بسوتێندرێت تاوانبار رادەست نەکەیت". 

کەمال کەرکوکی جەختیشیکردەوە، نابێت ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوەبێت کە "تیرۆرکردنی ھاوکار جاف" بشاردرێتەوە و دابخرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد" ئەو ھەرایەی یەکێتی بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانی تیرۆری ھاوکار جاف و موراد کانی کوردەییە". 

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاشکراشیکرد" دۆخی سلێمانی بەھۆی یەکێتییەوە خراپە، داوای لامەرکەزیان کرد لامەرکەزیان پێدرا و داوای سەربەخۆبوونیان کرد، داھاتیان دیارنییە، دەتوانن ئێوە خۆتان چاودێربن بزانن دھۆک و ھەولێر چ جیاوازیان ھەیە لەگەڵ سلێمانی". 


AM:10:05:27/12/2022