"خۆزگە هەموومان دژ بەم دەسەڵاتە ئازا بوینایە، نەک بۆ کچێکی بێ چەک"

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پەیامێکی دەربارەی پەلاماردانی کچێک لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە لە شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت" خۆزگە هەموومان دژ بەم دەسەڵاتە ئازا بوینایە، نەک بۆ کچێکی بێ چەک".

سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات" خۆزگە هەمومان دژ بەم دەسەڵاتە ئازا بوینایە کە وای لە خەلک و لە کوردستان کردوە، نەک بۆ کچێکی بێ چەک". 

دەشڵێت" هێرشکردنە سەر کچێکی بێ چەک کە هیچ زیانی نەبووە بۆ هیچ هاوڵاتیەک و هیچ پارە وسەروەتی میلەتی نەخواردوە، کارێکی نامرۆڤانە و ترسنۆکانەیە، حەق وایە ئەگەر ئەوە ئازایەتی و بوێری تیایە، ئەوا ئەو هەموو ئازایەتی و بوێرییە دژ بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەکاربهێنین و فشار بکەین تا دۆخی خەلک و گوزەرانی خەڵک خۆش بێت، نەک هێرش بکەینە سەر کچێکی بێ چەک". 

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات"  دەسەڵاتی کوردیش پێویستە بە جدی هەموو جۆرە چالاکییەک بپارێزێ و مافی خەڵک و ژنان و بەشداربوانیش بپارێزێت، نەک تەنها لە بۆنەکاندا باسی مافی ژنان بکات". 

دوێنێ تۆمارێکی ڤیدیۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی کچێک دەچێتە شوێنێک کە تایبەتە بە نمایشی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل، پاشان کچەکە لەوشوێنە لە لایەن ژمارەیەک گەنجەوە هێرشی دەکرێتە سەر، بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەش کاردانەوەی توندی لێ کەوتووەتەوە. 


AM:08:52:31/12/2022