پۆلیسی سلێمانی: لە شەوی سەری ساڵدا هیچ حاڵەتێكی توندوتیژی نەبووە


پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە پێشوازی ساڵی نوێدا هیچ حاڵەتێكی شەڕ و توندوتیژی تۆمارنەكراوە.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (سپی)ی راگەیاند، بەهۆی ماندووبوونی هێزە ئەمنییەكان، هیچ رووداوێكی وەك شەڕ، دزی یان تەقەكردن لە شەوی سەری ساڵدا نەبووە و وتی "كۆتا كاتژمێرەكانی شەوی رابردوو بە ئارامی بەڕێكراوە و هیچ حاڵەتێكی گەورەی كێشە تۆمارنەكراوە، هۆكارەكەشی بۆ سەركەوتنی ئەو پلانە دەگەڕێتەوە كە لەلایەن لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانییەوە دانرابوو".

بەهۆی هاتنی سەری ساڵەوە بە هەزاران گەشتیار روویان لە شاری سلێمانی كردبوو، لەناوچەی (سەهۆڵەكە)ش لە شەقامی سالم بە ئامادەبوونی هەزاران كەس ئاهەنگی پێشوازیكردن لە سەری ساڵ  بەڕێوەچوو.



PM:09:36:01/01/2023