ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی عێراق بۆ کۆتا مانگی ساڵی ڕابردوو بڵاوکرایەوە

وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماری فرۆش و داهاتی نەوتی بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە، كە داهاتەكەی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ مانگی (١٢)ی ساڵی ڕابردوو ١٠٣ ملیۆن و ٢٨١ هەزار و ٤٥٩ بەرمیل بووە، کە داهاتەکەی حەوت ملیار و ٦٠٦ ملیۆن دۆلار بووە". 

ئاماژەی بەوەشداوە، کۆی ئەو بڕە نەوتەی کە بۆ مانگی ڕابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە کراوە، بڕی ١٠٠ ملیۆن و ٧٣٥ هەزار و ١٥١ بەرمیل بووە، لە کاتێکدا ئەو بڕە نەوتەی لە كێڵگەكانی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٢٢٣ هەزار و ٣٣٨ بەرمیل، تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێكیش نەوت لەو مانگەدا (٧٣.٦٤٤) دۆلار بووە.

هەر بەپێی بەیاننامەكە" سەرجەم نەوتەكەش فرۆشراوە بە (٣٨) كۆمپانیای نێودەوڵەتی بە نەتەوە جیاوازەکان". 


PM:01:16:03/01/2023