لە رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سزای زیندانیكردن بەسەر دوو مامۆستادا سه‌پێندرا

دو مامۆستای کوردی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی سونقوڕ و کولیایی، بە ناوەکانی عەلی حوسێن شەمایلی و کیومەرس واعیزی، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و هاندان و خەڵەتاندنی خەڵک" سزای (١١) ساڵ زیندانیكردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند" بڕیاری ئەو سزایە ١٢ی مانگی رابردوو لەلایەن لقی دوی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەر"مەسعود نوری" بەسەر ئەو دوو مامۆستایەدا سه‌پێنراوه‌ و تازه‌ ئاشكرا كراوه‌". 

بەپێی ئەو سزایە، کیومەرس واعیزی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و هاندان و خەڵەتاندنی خەڵک" سزای شه‌ش ساڵ بەندکران و عەلی حوسێن شەمایلی بە هەمان تۆمەت سزای پێنج ساڵ و ١٠ مانگ بەندکردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

کیومەرس واعیزی، یەکێک لە چالاکانی ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی "امروز غرب" (واتە ئەمڕۆی ڕۆژئاوا) بوو کە پێشتریش چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی حکومەت لە سونقوڕ بانگهێشت و لێپرسینەوە و تەنانەت "هەڕەشەشی لێکراوە".


AM:09:03:07/01/2023