لێدوانێكی دڵخۆشكەر لەحكومەتی عێراقەوە سەبارەت بە دابەزینی دینار بەرامبەر دۆلار


بەرپرسێكی باڵای عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو بارودۆخەی بەسەر بازاڕی دراوەكاندا هاتووە كاتییە، چونكە عێراق گەورەترین یەدەگی لە مێژووی خۆیدا هەیە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاندووە، تەنیا كاتی دەوێت بۆ ئەوەی بازاڕی دراو سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێتەوە، ئەمڕۆ عێراق گەورەترین یەدەگی لە مێژووی خۆیدا هەیە، یەدەگی لە دراوە بیانییەكان دەگاتە 100 ملیار دۆلار، ئەوەش بڕێكی زۆرە و لانیكەم بەشی 20 مانگ لە هاوردەكردنی كەلوپەل دەكات، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، عێراق هێزێكی گەورەی لەمبارەیەوە هەیە. 
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، كێشەی عێراق پارەداركردنی بازرگانی دەرەكی كەرتی تایبەتە، چونكە كەرتی تایبەت لەساڵی 2003ەوە لە رێگەی پەنجەرەی بانكی ناوەندی عێراقەوە دراوی بیانی وەردەگرێت كە لە رێگەی بانكەكانەوە پێیان دەدرێت، ئەمریكا گومانی هەیە كە ئەو پارانە دەچێت بۆ ئەو لایەنانەی كە لە ناكۆكی هەرێمی رۆڵیان هەیە، ئەوەش نیگەرانی لای ئەوان دروستكردووە، بەڵام ئەمە پەیوەندیی بە دەوڵەتەوە نییە، دەوڵەت ئازادی بازرگانی هەیە و ئەو بازرگانییە بۆ ئامانجی روون پارەدار دەكات، بەڵام هەندێك گرێبەستی شاراوەش دەكرێت و پێشێلكاریی زۆر لەمبارەیەوە هەیە.
 
لێدوانی ئەو بەرپرسە باڵایەی عێراق لە كاتێكدایە ماوەی نزیكەی مانگێكە دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی لە دابەزیندایە.



PM:09:21:08/01/2023