پارتی لە وەڵامی یەکێتیدا: لەکوێی دنیا سەرۆکی حزبێک لەبری بەرپرسە حکومیەکان بڕیار لە وردودرشت دەدات


پارتی لەسەر ناکۆکییەکانیان لەگەڵ یەکێتی وەڵامی ئەو حیزبە دەداتەوەو دەڵێت " لە کوێی دونیا ھەبووە، سەرۆکی حزبێک، لە شوێنی یاسا و لە شوێنی سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان و پارێزگارەکان و قایمقامەکان و بەڕێوەبەری ناحیەکان و پۆلیس و ئاسایش بڕیار بدات و تەداخولی ھەموو ورد و درشتی ئەم سنوورە بکات؟؟".

لە وەڵامی ئەو وتارەی میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە نووسینێکدا وەڵام دەداتەوەو دەڵێت" لە بارەی کردەوە تیرۆرستییەکەی پایتەختی ھەرێمی کوردستان، کە لە ڕووی سیاسی و یاسایی و مرۆیی، ئێستا بۆتە کڕۆکی کێشەکان، ئەم بابەتە قابیلی سازان نییە و بەپێی ڕێکارە یاساییەکان و خۆشیان دەکرێت له‌ به‌دواداچوونیدا به‌شداربن".

دەربارەی لامەرکەزیەت روونکردنەوەکەی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بڕیاریان لەسەر لامەرکەزیەت لەسەر داوای ئەوان پەسەندکرد، بەو مەرجەی داهاتەکانی سلێمانی بەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و هێزێکی هاوبەش بنێردرێت بۆ دەروازەکان بۆ بەرگرتن لە گەندەڵی، بەڵام یەکێتی رازی نەبووە.

هەڵبژاردن کە پرسێکی تری ناکۆکی نێوانیانە، پارتی دەڵێت" لای پارتی ڕوونە کە ھەڵبژاردن دەبوایە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، بەداخەوە کە دواخرا، بەبێ ئەوەی پارتی ئارەزووی بکات، ئەمەش زیانێکی زۆری بە ناوبانگی ھەرێم گەیاند و ھۆکاری سەرەکیش یەکێتی بوو، لەبەر کێشەکانی ناوخۆی، ئەمجارە پارتی لەسەر ئەوە سوورە کە دەبێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت".

دەقی وەڵامەکەی پارتی بۆ یەکێتی..

کێشەکە لێڵی پارەی سلێمانی و تیرۆرەکەی ھەولێرە

کێشەکانی یەکێتی زۆرن، بەشێکی ناوخۆیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەست پێدەکات، لە جیابوونەوەی گۆڕان و کۆنگرەکەیان و کێشەی ھاوسەرۆکی زەھرەکە و تەسفیەکردنی ناوخۆ و زۆر بابەتی تر، کە ئەمە ئەگەرچی پێوەندی بە پارتی و حکوومەتی ھەرێمەوە نییە، بەڵام ھەندێ جار کاردانەوەکانی بۆ بەلاڕێبردنی، پڕوشکەکانی بەر حکوومەت و پارتیش دەکەوێت. بەشەکەی تری کێشەکان، یەکێتی راست دەکات پێوەندی بە ئاڵوگۆڕی پۆستەکانەوە نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکین و پارتی بەڕوونی پێداگری لەسەر دەکات، بۆ ئەوەی حکومڕانییەکی ڕاستەقینەی دوور لە موجامەلە بێت و ئارامی و دڵنیایی بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان بە گشتی و دەڤەری سلێمانیی خۆشەویست فەراھەم بکرێت، بەشێکی کەمی کێشەکان لەخوارەوە دەخەینەڕوو.

کێشەی ئەمنی

کردەوە تیرۆرستییەکەی پایتەختی ھەرێمی کوردستان، کە لە ڕووی سیاسی و یاسایی و مرۆیی، ئێستا بۆتە کڕۆکی کێشەکان، ئەویش تەنھا لەبەرئەوەی لێکۆڵینەوە دەکرا و تاوانباران ئاشکرا کراون، ئەمەش ھستریا و کاردانەوەی جۆراوجۆری لای یەکێتی دروستکردووە، لێرەدا دەبێت یەکێتی لە ڕوونیی سیاسەتی حکوومەت و پارتی تێبگەن، کە ئەم بابەتە قابیلی سازان نییە و بەپێی ڕێکارە یاساییەکان و خۆشیان دەکرێت له‌ به‌دواداچوونیدا به‌شداربن.

کێشەی داھات

لە سەرەتای کابینەکەوە کێشەی سەرەکیی یەکێتی و داواکاری بریتی بوو لە چەسپاندنی لامەرکەزیەتی دارایی، لە کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی لە دووکان، لە تەمووزی ساڵی ٢٠٢٠، خاڵی پێداگری لەسەر ئەم بابەت بوو، دوای ساردییەکی زۆر لە نێوان ھەردوولا، لەسەر لامەرکەزیەتی دارایی، ئەمجارە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتیی سەرۆکی ھەرێم لە ٩ ⁄ ١١⁄ ٢٠٢٠، ھەردوو مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوە، لە خاڵی (٢)ی بەیاننامەکە جەخت لە لامەرکەزیەتی دارایی کراوەتەوە. لەسەر داوای یەکێتی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٣٠⁄ ١١⁄ ٢٠٢٠ لێژنەیەکی وەزاری بۆ ئەم بابەتی لامەرکەزیەتە داراییە پێکھێنا و لە ١⁄ ١٢⁄ ٢٠٢٠ و لە شاری سلێمانی لەگەڵ ھاوسەرۆک و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبوونەوە كە (ئەوکات داھاتی سلێمانی زۆر بوو، پێداگریی یەکێتی لەسەر لامەرکەزیەتی داھاتی سلێمانیش بوو)، دوای بارودۆخی ناوخۆیان، داھاتی سنوورەکان و داھاتی ناوخۆ بە ڕێژەیەکی بەرچاو دیار نه‌ده‌ما، لەوکاتەوە یەکێتی داوای مەرکەزیەتی دارایی دەکات. حکوومەتی ھەرێم و پارتی ڕازین بەم پێشنیارە ئەگەر ڕوونی لە داھاتی ناوخۆی سلێمانی و سنووره‌كانی ھەبێت و داھاتەکە بگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٨٧) لە ١٧⁄ ١⁄ ٢٠٢١ تایبەت بە ناردنی ھێزی ھاوبەش لە نێوان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، بۆ سنوورەکان جێەبەجێ بکرێت.
داھاتی نەوت بریتییە لە نزیکەی (٥٠٠) ملیۆن دۆلار کە لە 96%ی لە سنووری ھەولێر و دھۆکە، بەڵام بێ جیاوازیی پارێزگاکان، تەواوی ئەم داھاتە بە یەكسانی بۆ مووچەی فەرمانبەران دەچێت. حكوومەتی هەرێم بۆ مووچە پێویستی بە ٦٢٠ ملیۆن دۆلارە، ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتەوە دێت، كەواتە ١٢٠ ملیۆن دۆلار دەمێنێ، لێرەدا لە داهاتی ناوخۆ پێویستە بۆ تەواوكردنی مووچە، هەولێر ٧٠ ملیۆن دۆلار و سلێمانیش ٥٠ ملیۆن دۆلار بدات، ئەمە جگە لەوەی بۆ دەرمان و كۆكردنەوەی خاشاك و پێداویستیی زەرووری دیكەی سنووری سلێمانی، كە مانگانە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دۆلاریان پێویستە، کەواتە تەنھا (٥٠) ملیۆن دۆلار پێویستە لە داھاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ مووچە.

کێشەی شەراکەت و ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن:

لە ھەموو جیھاندا بۆیە ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، کە بەرکەوتەکان بەپێی ئاکامەکانی بێت، بەڵام بەپێی ڕێکەوتنی کارگێڕیی نێوان ھەردوولا، کە پارتی وەک کابینەی ڕابردوو (٥٠ بە ٥٠) پۆستەکانی وەزیر و بریکار و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەڕە گشتییەکانی بە یەکێتی داوە و تەنانەت یەک بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستانیشی بە زۆرینە و کەمینە تێنەپەڕاندووە.

کێشەی ھەڵبژاردن:

لای پارتی ڕوونە کە ھەڵبژاردن دەبوایە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، بەداخەوە کە دواخرا، بەبێ ئەوەی پارتی ئارەزووی بکات، ئەمەش زیانێکی زۆری بە ناوبانگی ھەرێم گەیاند و ھۆکاری سەرەکیش یەکێتی بوو، لەبەر کێشەکانی ناوخۆی، ئەمجارە پارتی لەسەر ئەوە سوورە کە دەبێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

کێشەی تاکڕەوی:

با خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی شاھێد بن، لە کوێی دونیا ھەبووە، سەرۆکی حزبێک، لە شوێنی یاسا و لە شوێنی سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان و پارێزگارەکان و قایمقامەکان و بەڕێوەبەری ناحیەکان و پۆلیس و ئاسایش بڕیار بدات و تەداخولی ھەموو ورد و درشتی ئەم سنوورە بکات؟؟
لەکۆتاییدا پارتی بڕوای بە گفتوگۆی بونیادنەرانە ھەیە و هه‌میشه‌ بۆ چارەسەری کێشەکان ئاماده‌یه‌، نەک بە پینەوپەڕۆ



AM:11:36:12/01/2023