هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەكی گرنگی بۆ بەشی مۆڵەت بڵاوكردەوە


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە پێناو كارئاسانیكردن بۆ هاوڵاتییان بڕیاریان داوە سەردانیكردنی بەشی مۆڵەت بكەن بە شێوەی نۆرە نوسینی ئۆنلاین لە ڕێگەی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی.

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، ‎پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردودا فشارێكی  زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكەین دروستبوو بۆ دەرهێنان و نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، بڕیاردرا كە سیستمی نۆرەگرتنی ئۆنلاین لە ڕێگەی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانیەوە بخرێتەكار كە پێشتر كار بەم سیستمە كراوە و سەركەوتنی بەدەستهێناوە لە ئاسانكاریكردن بۆ هاوڵاتییان.

هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەتا رۆژێك پێش سەردانیكردنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی پێویستە هاوڵاتی سەردانی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی بكات بەمەبەستی نۆرە گرتن و دوای وەرگرتنی مامەڵەكەی لە بەشی بەدواداچونی مامەڵە لە ماڵپەڕەكەدا بۆ رۆژی دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەكات و كارەكانی لەبەشی مۆڵەت بۆ ڕایی دەكرێن.

هەروەها روونیكردۆتەوە، رۆژانە 300 مامەڵە لە ماڵپەڕەكەدا وەردەگیرێن و هەر هاوڵاتییەك فریا نەكەوت كۆدی سەردانیكردنی وەربگرێت بۆ رۆژی دواتر دەتوانێت هەوڵبداتەوە، هاوڵاتی دەتوانێت مانگێك پێش بەسەرچونی مۆڵەتەكەی داواكاری پێشكەش بكات بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەت، هەروەها لەكاتی بەسەرچونی مۆڵەت تا 30 رۆژ دوای بەسەرچونی مۆڵەتەكەی هیچ سزایەك نادرێت.

هاتوچۆی سلێمانی وتویەتی "دوای ئەوەی هاوڵاتی لە بەشی بەدواداچونی مامەڵە، داواكارییەكەی وەرگیرا دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بكات، ئەگەر لە ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی داواكارییەكەی هەڵبوەشێتەوە نابێت سەردان بكات و بۆ رۆژی دواتر دەتوانێت دوبارە هەوڵی وەرگرتنەوەی كۆدی سەردانیكردن بدات، كاتێك مامەڵەكەش وەرگیرا لە بەشی بەدواداچونی مامەڵە، پێویستە ئەو كۆدەی لە ماڵپەڕەكە وەری دەگرێت پێی بێت، لەكاتژمێر 7:00ی شەو وەرگرتنی كۆد لە ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی دەست پێدەكات".

هاتوچۆی سلێمانی ئاشكرای كردوە، كاركردن بەم سیستەمە لە رۆژی دوشەممەوە جێبەجێ دەكرێت واتە هاوڵاتی پێویستە شەوی یەكشەممە لەسەر دوشەممە لە ڕێگەی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی كاتژمێر 7:00ی شەو ناو بنوسێت بۆ وەرگرتنی كۆدی سەردانیكردن بۆ رۆژی دوشەممە و رۆژانی دواتر بەهەمانشێوە.







PM:07:11:14/01/2023