نێچیرڤان بارزانی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات


بەرپرسێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە دوو مانگی داهاتوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (موەبەسەرچوو) رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات.
 
ئەمڕۆ فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە میدیاكانی راگەیاند، "هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی، هیوادارین ناكۆكییەكان زیانیان بۆ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان نەبێت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە چەترێك بووە بۆ كۆكردنەوەی هەموو لایەك و ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم ئەركە، چونكە ئەمە ئەركێكی راستەوخۆی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و بەردەوامیش دەبێت لە هەوڵەكانی، بێگومان ئەوەی ئێستا روویداوە ئێمە پێمان ناخۆشە، بەڵام دەبێت گەشبین بین، لە كۆتاییدا بەرژەوەندیی كوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوەیە."
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، ناوبراو روونیكردەوە "ئەركی یاسایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنە، دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، لە دوو مانگی داهاتوودا سەرۆكی هەرێم ئەو رۆژە دیاری دەكات".


ساڵی رابردوو نێچیرڤان بارزانی رۆژی 1ی 10ی ساڵی رابردووی وەك رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكانەوە نەتوانرا لەو كاتەدا هەڵبژاردن بكرێت و بەو هۆیەشەوە ە رۆژی 6ی 11ی ساڵی رابردووەوە ماوەی یاسایی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم بەسەرچوو.





PM:02:55:16/01/2023